وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا هەواڵی سەفەری چهند ڕۆژ لهوه پێشی هەیئەتێكی نەوتی ئامریكایی بۆ تاران پشتڕاست نەكردۆتەوەو چۆنیەتی ئەم سەفەری بە ناڕوون ناو بردوه.
“جێف راتكە” یەكێك لە وتەبێژەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا دهڵێ ەم وەزارەتخانەیە ناتوانێ هەواڵی سەفەری هەیئەتی نەوتی ئامریكا بۆ ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتڕاست بكاتەوە.
ناوبراو دهڵێ، لێكدانەوەی ئەم مەسەلە كە ئایا ئەم هەواڵانە ڕاستن یان نا، شتێكی دژوارە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئێمە پێمان وایە هێشتا دەرگاكانی ئێران بەرەو ڕووی تیجارەتو كار و كاسبی ئاواڵە نییەو ئەگەر ئەم وڵاتە ڕوو لە هەر چەشنە چالاكییەك بكا كە گەمارۆكان بگرنەوە، ئێمە به گژیدا دهچینهوه.
شایانی باسه لە سەردەمی سەركۆماریی ئەحمەدینژاددا گەمارۆی زۆر قورس بەدژی ئێران پهسند کران که بهپێی ئهو گهمارۆیانه شیركەتە ئامریكاییەكان ناتوانن بە هیچ شێوەیەك چالاكیی تیجارییان لەگەڵ ئێران هەبێو سەرمایەکانیان لە پرۆژە نەوتییەكانی ئەم وڵاتەدا دابنێن. بەڵام چاوەڕوان دەكرێ لە ئهگهری دەستڕاگەیشتن بە ڕێككەوتنی ناوكی لە نێوان ئێران و گرووپی 1+5دا، كۆمەڵێك لە گەمارۆكانی سەر ئەم وڵاتە هەڵگیرێن.