دایە ئامین هاوسەری حاجی برایم و دایکی تێکۆشەری دێرینی دیموکرات، ئەحمەد سادقپوور ناسراو بە سۆفی ئەحمەد، کۆچی دوایی کرد. بەرەبەیانی دووشەممە ٨ی جۆزەردان، دایکە ئامین کە لە ئەسل دا خەڵکی باکووری کوردستان بوو و لە مێژ ساڵ بوو لە گەڵ حاجی برایمی هاوسەری لە گوندی شێخانی ناوچەی شنۆ، گیرسابوونەوە، لە تەمەنی سەرووی ٨٠ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
چارەنووسی دایە ئامین هەر لە گەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بوونی ئەحمەدی کوڕی بە پێشمەرگە و کادری حیزبی دیموکرات، بەم حیزبەوە گرێ درا. ئەحمەد سادقپوور لە ڕەوتی ژیانی شۆڕشگێڕانەی دا، دوای ساڵانێک کار و تێکۆشان لە کۆمیتەی شارستانی شنۆ و کاری حیزبی وتەشکیلاتی ، سەرئەنجام لە کەمین کەوت و تەحویلی کۆماری ئیسلامی درایەوە. ماوەی ٦ ساڵ لە گەڵ ئازار و ئەشکەنجە و مەترسیی ئێعدام بەرەوروو بوو. لەو ساڵانە دا دایە ئامین جگە لەوەی هاوسەر و منداڵەکانی ئەم کوڕە خۆڕاگرەی گرتبووە ئامیز، لەکوڕە بە دیل گیراوەکەشی غافڵ نەبوو. دوای ئازادیی کوڕەکەی لە زیندان و دەستپێکردنەوەی دەورەیەک نوێ لە خەبات و تێکۆشان، دایە ئامین نەک هەر ڕێگر نەبوو لە پێشمەرگایەتی و کاری حیزبیی کوڕەکەی، درێژەی بە پشتیوانیی بنەماڵەی سۆفی ئەحمەد دا. ئەگەر لە نێو بەندیخانە دا سۆفی ئەحمەد و عومەر شاداب، وەک نموونەی خۆراگری و سەردانەنواندن بۆ کۆماری ئیسلامی ناوبانگیان دەرکردبوو، لە دەرەوەی بەندیخانەش دایە ئامین و دایە مەلەک( دایکی شەهید عوسمان شاداب و هاوڕێ عومەر شاداب) وەک دایکی تێکۆشەران و نموونەی دایکانی خۆڕاگر ناوبانگیان دەرکرد و بوون بە دایک و خۆشەویستی هەموو تێکۆشەرانی دیموکرات لەو ناوچەیە و خەڵکی ناوچە بە بۆنەی شانازیکردنی ئەوان بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕەکانیان وخۆشەویستییان بۆ پێشمەرگە و حیزبی دیموکرات، خۆشیان دەویستن و ڕیزیان لێ دەگرتن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامین، سەرەخۆشی لە هاوڕێی بەڕێز ئەحمەد سادقپوور و هەموو بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامین و خەڵکی ناوچەی شنۆ بە گشتی و بە تایبەتی خەڵکی گوندی شێخان دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.