ڕۆژی شەممە،٢٧ی مانگی مەی ٢٠١٧ی زایینی، دەهەمین کۆنفرانسی کۆمیتەی یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ لە ژێر ناوی ٧١ ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکیەتی ژنان بەرێوەچوو..
سەرەتا بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە تایبەت ئەو ژنانەی کە لە رێگای ئازادی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە و بە داگیرساندنی ٧١ مۆم بە نیشانەی ٧١ ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنان لە لایەن زارا قارزادە، ئەندامانی یەکیەتیی ژنان کۆنفرانسەکە کرایەوە.
پاشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە، خاتوو ئاواز خزری ئەندامی جێگری یەکیەتی ژنان بەخێرهاتنی بەشداربوان کرا..
ئینجا بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکە کە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر رۆڵی ژنان، بە تایبەت ژنی کورد، سەرەتا لە لایەن “مەحبوب رەحیمی” بەرپرسی کومیتەی یەکێتی ژنان لە نۆروێژ، باسێکی لە گرینگی چالاکی ژنی کورد و رۆڵی دامەزرانی یەکیەتی ژنان لە ماوەی ٧١ ساڵ خەباتدا کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا کوتی:
خەبات بۆ ئازادی و وەدیهاتنی دادپەروەری و رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتیەکان مێژوویەكی دوور و درێژ و لەهەمان کاتدا پر كەند وكۆسپ و قوربانیدانی تێدایە، لەو نێوەدا خەباتی ژنان بۆ وەدستهێنانی سەرەتاییترین مافەكان و پێكهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان بۆ ژن وپیاو گەلێك لاپەرەی زێرینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كردووە.
لەدرێژەی قسەکانیدا رەحیمی وتی: یەکێک لەو مێژووە زێرینانە، دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بوو کە ئەوساڵ ٧١ ساڵ بە سەر کارو تێکۆشانی دا تێدەپەرێ. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کە بۆ یەکەم جارلە رۆژهەلاتی کوردستان لە دەورانی پرشکۆی حکوومەتی کۆماری کوردستاندا دەمەزرا ، پێی نایە گوڕەپانی خەبات و تێکۆشان و هەولدان بۆ دابینکردنی مافی بەرانبەر لە گەل پیاوان، وێرای تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کردە بەرنامەی کار و تێکۆشانی خۆی.
بە تێپەربوونی ٧٠ سال خەبات و بەرەو پێشوازی٧١ سال خەبات، یەکیەتیی ژنانی دیمۆکرات لە گەل هەموو کەند و کۆسپ و دەسکەوتە بەنرخەکانی مێژوویەکی پر لە شانازی و سەروەری بۆ خۆی تۆمار کردووە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، درێژەدان بە هەوڵ و تێکۆشان ، بە سیستم کردن وخۆ ڕێکخستن پێویستە. هەر چەند ئەم خەباتە شوێن و شیوەی تایبەتی لە قۆناغە جیاوازەکانی بە خۆیەوە بینیوە، بەلام لە هەموو کات و ساتێکدا دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت کە ئەم مێژوو تۆمار کردنە نەتیجەی تێکۆشانی هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیەکەمان بووە بە تێکۆشانمان لە شاخ، لە شار و لە هەندەران کە بۆ هەموو ئەندامان و لایەنگران جێگای شانازییە، هەر ئەم رابردوویەش هاندەری ئێمەیە بۆ درێژەدان بە خەبات، بەلام لە هەمووکاتدا دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێت کە بە چاوێکی رەخنە گرانە بروانینە کار و چالاکی رابردوومان لەوشوێنانە کە پێویستە پێداچوونەوە بکەین بە هەلوێست و تێکۆشانمان بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نیزیکدا بتوانین بە ئامانجی دیارکراوی رێکخراوەکەمان بگەین.
پاشان پەیامی کومیتەی حیزبی دێمکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ لە لایەن سەردار مەرەسەنە بەرپرسی کۆمیتەی وڵات پێشکەش کرا کە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو. بەشداربووانی بەڕێز بۆ هەموومان ئاشکراو ڕونە کە یەکیەتی ژنانی دێموکرات لەمێژوی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان بەگشتی و بەتایبەتی لە خەبات تێکۆشان بۆمافەکانی ژنان لە هەموو هەلو مەرجەکاندا دەور و نەخشی بەرچاوی هەبوە،
لە پەروەردەکردنی سەدان کەس لەکچان و ژنانی میللەتەکەمان و وشیارکردنەوەیان لە هەمبەر مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان بەیەکێک لەئەساسیترین ئەرکەکانی خۆیان زانیوە
یەکیتی ژنانی دێموکرات لەئەساسدا وەک ڕێکخراوێکی سنفی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت بەڵام لەواقیعدا و لەمەیدانی عەمەلدا وەک هێزێکی کاریگەری سیاسی لەکۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخشی و دەوروتەئسیری زۆری هەبوە
ئیجا پەیامی کۆمەڵەی کوڵتوری لە لایەن بەرێز ئاریا ئەفشار پێشکەشکرا.
لە بەشێک لە پەیامەکەی دا هاتبوو، رێگای ئامۆژگاری کردن و راهێنانی کچان و دایکانی کورد، بۆ ئەوەی لە کاتی پەروەردە کردنی مناڵەکانیاندا، چی تر فەرق و جیاوازی نەخەنە نێوان مناڵانی کچ و کوڕەوە و بەم کارەیان نەبن بە یارمەتی دەر و درێژە پێدەری کولتووری پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگاکەماندا.(ئەم شێوە بیر کردنەوە و پەروەردەکردنە ئەبێتە هۆی خۆ بەکەم زانینی کچان و خۆ بە زل زانینی کوڕان هەر لە هەرەتی مێرمندالی یەوە).
دووهەم: بەشداری کردنی زیاتری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دەستەی بەرێوبەرایەتی کاری سیاسیدا.
داوای مەودا پێدانی زیاتر بە ژنان لە گۆڕەپانی خەباتدا بۆ درێژە پێدان بە چالاکیەکانیان و خۆدەرخستنی زیاتریان لە رێگای بە ئەستۆ گرتنی زیادتری مەسئوولیەتەکان و بەشداری کردنیان لە ناوەندە کانی بڕیاردانی کاری سیاسی. هەروەها تەرخان کردنی بەشێکی دیاری کراو لە ئەندامانی کۆمیتەکانی ناوچە، کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەر سیاسی بۆ ژنان کە دەبێ لە هەر شەرایەتێکدا بۆ ژنان تەرخان بکرێت.(ئەم شێوەی دابەش کردنی دەسەڵاتە لە زۆر لە وڵاتانی پیشکەوتووی دنیادا بەرێوە دەچێ و زۆریش سەرکەوتوو بووە).
بەشی ٢هەمی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی راپۆرتی کارو چالاکێکانی یەکێتی ژنان،کە بەشێک لە کارو چالەکیەکان بە شێوەی پاوڵپۆین بەوێنەو تاریخ ئامدەکرابوو، فەوزیە ئەحمەدی ئەندامی بەرێوەبەری راپۆرتی تەشکیلاتی دوو ساڵی رابردووی خوێندەوە و راپۆرتی ماڵی لە لایەن نەمام زەرینفامەوە ئەندامی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانەوە پێشکەش بە بەشداربوان کرا.
دواتر بەشدارانی کۆنفرانس ڕاوبۆچوونی خۆیان بۆ تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرت و کارو چالاکییەکانی کۆمیتەی یەکیەتی ژنان” لە نێوان دوو کونفرانس دا خستە ڕوو، دوای گرتنی ڕخنەو تێبینی بەشداران، ڕاپۆرت بە تێکرای دەنگ پەسەند کرا..
نازی عەلی دوست بەرپرسی کۆمیتەناوچەی یەکیتی ژنانی ئۆستفۆڵد پەیامی کارو چالاکی ئەو ناوچەیەی پێشکەش بە بەشداربوان.
بەدوای خوێندنەوەی راپۆرتەکان خاتوو شەهێن زادئەحمەد بەرپرسی یەکەیەتی ژنانی دەرەوەی وڵات باسێکەی بەسپاس لە کارو چالەکیەکانی کۆمیتەی رابورد و هەروەها لە گرینیگی کۆبونەوەکان، بەتایبەت کۆنفرانسکان و شێوای هەڵبژاردن پێسکەش کرد.
دوا برگەی کاری کۆنفرانس بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی بەرێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کارو چالاکییەکانی یەکێتی ناوبراو بوو کە لە پروسەیەکی ئازاد و بە دەنگدان ئەو بڕگەیەش لە کاری کۆنفڕانس بەڕێوەچوو و بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ کومیتەی گشتی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ هەڵبژێردرایەوە.