رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان لە ئاکامی شەڕ وتێکهەڵچوونێک کە لە نێوانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و چەند چەکدارێکی نەناسراو هاتووتە ئاراوە چەند کەس لە چەکدارانی رێژم کوژراو برینداربوون.
چەند ماڵپەڕێکی حکومی وێڕای پشتڕاست کردنی هەواڵی شەڕو تێکهەڵچوون لە ناوچەی ورمێ، شوونانی دووکەس لە فەرماندە وکادرە کوژراوەکانی هەنگی مەرزی لە سنوورەکانی ناوچەی ورمێ بڵاو کردوە.
هەروەها هەواڵدەریی زریان ڕایگەیاند کە لە ئاکامی دەرگیری نێوان هێزەکانی رێژیم و تیمێکی چەکدار، دوو کەس بەناوەکانی سەرهەنگ دووم محەممەد رەزا فیروزی خەڵکی میاندواو و ئیستوار دووم جەواد فەرەحی خەڵکی شاری “بوناب” گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بە ناوەکانی ڕەزا نەعمەتی وحسێن قارەمانی بە توندی برینداربوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسایەتی ئەو شەڕەی وە ئەستۆ نەگرتوە.
هەروەها سەرچاویەک بە کوردستان وکوردی ڕاگەیاند کە ماوەیەکە سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم لە ناوچە وشاخەکانی ناوچەی نەغەدە خەریکی جادە لێدان و جێبەجێ کردنی کەرەسەو تەقەمەنیەکی زۆر بۆ سەر سنوورن.
ئەو شوێنانەی کە سپای پاسداران خەریکی جادە لێدانە ، ڕاست ئەوشوێنەیە کە ساڵی رابردوو شەڕێک لە نێوان سپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات رووی دا.