کۆمیتەی پێوەندییە دەرکییەکانی سەنای ئامریکا گەمارۆی دیکەی دژ بە ئێران تەسویب دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٥ی جۆزەردان کۆمیتەی پێوەندییە دەرکییەکانی سەنای ئامریکا گەڵاڵەیەکی پێوەندیدار بە داخوازیی گەمارۆی زیاتر خستنە سەر ئێرانی تەسویب کرد.
بە پێی راپۆرتی ئەم کۆمیتەیە هۆکارەکانی ئەم ریزە گەمارە نوێیانە بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە بۆ؛ پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی موشەکە بالستیکەکان لە ئێران، پشتیوانی لە گروپ و تاقمە توندرەوە تێرۆریستییەکان، گەیاندنی چەک و چۆڵ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە.
نوێنەرانی داکۆکیکاری ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن؛ بە بۆچوونی ئەوان ئەم گەڵاڵەیە کە بۆ بوون بە یاسا دەبێ لە لایەن پارلمانی نوێنەران و خودی سەرۆکۆماری ئامریکا، دۆناڵد ترامپەوە تەئید بکرێ، بە هیچ شێوەیەک زیان بە رێکەوتنی ناوکێی نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپایی ناگەیەنێ.
جان کێری، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی باراک ئۆباما کە نوێنەرایەتی واشینگتۆنی بۆ رێکەوتن لە گەڵ ئێران پێئەسپێردرابوو، پێشتر رایگەیاندبوو کە دەبێ زۆر هوشیار بین لەو گەمارۆیانەی کە دژ بە ئێران تەسویب دەکرێن و نابێ زیان بە رێکەوتنەکە بگەیەنن.
کێری وتبووی کە بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەم رێکەوتنە، هەیئەتەکان بە قۆناغی پڕ لە هەورازونشێودا تێپەڕیون. بۆیە دەبێ بە وریاییەوە سەبارەت بە گەمارۆکانی دژ بە ئێران مامەڵە بکەین. ناوبراو لە پێوەندی لە گەڵ دیسان هەڵبژێرانەوەی رووحانی بە سەرکۆماریی ئێران وتوویەتی: ئێستا کاتێکی گونجاو نیە بۆ گەمارۆخستنە سەر ئێران!
چەند رۆژ پێشتریش ورزیری خەرێنەداریی ئامریکا رایگەیاندبوو کە لە پێوەندی لە گەڵ مۆڵەتی فرۆشتنی فڕۆکەی گواستنەوەی بۆئینگ و ئێرباس بە ئێران پێداچوونەوە دەکەین.
بە پێی ئەم گەڵاڵەیەی کۆمیتەی پێوەندییە دەرکییەکانی سەنای ئامریکا، سپای پاسدارانی ئێران و زۆرێک لە بەرپرسانەی کە ناویان لە ریزی خەڵکانی تێرۆریست و پشتیوانی تێرۆریزم دایە، گەمارۆیان دەخرێتە سەر.
ئێران لە ریزی هەرە پێشەوەی ئەو وڵاتانە دایە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لە لایەن ئامریکاوە بە دەیان جار گەمارۆی جۆراوجۆری خراوەتە سەر.
بەرپرسانی ئێرانی لە دژکردەوە بەرانبەر بەم گەمارۆیانەی ئامریکا دژ بە رێژیمەکەیان، ئیدیعای پێبەندنەبوونی ئامریکا بە رێکەوتنی ناوکی، کە بە بەرجام ناوی دەرکردوە دەکەن و پێیان وایە ئەم گەمارۆیانە نیشانەیەکن لە هەڵوەشانەوەی رێکەوتنی گرووپی ١+٥ .
ئەوە لە حالێک دایە کە رابێرت منندز، سەناتۆری دێموکرات و سەناتۆر باب کۆکێر، سەرۆکی کۆماریخوازی کۆمیتەی پێوەندییە دەرکییەکانی سەنای ئامریکا کە بە نیسبەت گەمارۆکانی دژ بە ئێرانەوە زۆر توندن، چەند جارێک رایانگەیاندووە کە ئەم گەمارۆیانە هیچ زیانێک بە رێکەوتنی رۆژاوا لە گەڵ ئێران نادا.