له ماوەی ٣٦ ساڵ دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی دا، بەڕێوەبەرانو دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامه بۆ به چۆک داهێنانو پاشگەزکردنەوەی خەڵکی کوردستان له ویستو داخوازیەکانی، له هیچ جۆره هەڵسوکەوتێک سڵیان نەکردوەتەوه. هەم سیاسەتی بەرخوردی توندووتێژیو خوێن ڕشتنیان گرتۆته پێشو هەم سیاسەتی نەرمو نیانو فێڵاویان به کار هێناوه بۆ ئەوەی مەبەستی دوژمن کارانەی خۆیان وەدەست بێنن.
مێژووی ٣٦ ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەوڕاستییە که هەر له یەکەم چرکەساتی به دەسەڵات گەیشتنی دژی مافی گەلانو پێڕەو کردنی دێموکراسی له ئێراندا بووهو بەتایبەتی دەرحەق به گەلی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان له توندوتێژیو قەتڵو عامو کاولکاریو تاڵانو بڕۆچی له دەست هاتبێ دەرێغی نەکردوەو هەربه ئەوەنده ڕانەوەستاوهو ڕێگای جۆراوجۆری گرتوەتە بەر بۆ کەمتەرخەمکردنی خەڵکی کوردستان له مەڕ داوکردنی مافی ڕەواکانیان که هەمان ئازادی، دێموکراسیو مافی بڕیاردان له چارەنووسی خۆیانه.
کاتێک کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی شەڕی به دژی خەڵکی کوردستانیان ڕاگەیاند پێیان وابوو هەر زۆر زوو دەتوانن جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان کپو سەرکوت بکەن، بەڵام له مەیدانی کردوەدا تووشی حەقیقەتێک بوو و بۆی دەرکەوت که ئەو خەباتو جوڵانەوەیه ئی تاقمو دەستەو عەشیرەتێک نیه بەڵکوو خەباتی نەتەوەیەکه، کە خاکو نیشتمانەکەی زاڵمانه به سەر چوار دەوڵەتی خۆسەپێنو دیکتاتۆردا دابەش کراوهو له ڕاستیدا ئەو خەباته، جوڵانەوەی هەموو خەڵکی کوردستانه بۆ وەدەست هێنانەوەی هەموو مافه زەوت کراوەکانی. هەربۆیه دامو دەزگاکانی ئەمنیو سەربازی کۆماری ئیسلامی کەوتنه کارو پیلانگێڕی به دژی تاک تاکی خەڵکی کوردستان.
ئەگەر بمانهەوێ هێندێک له کارو کردوەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وتارەدا باس بکەین دەتوانین به کورتی ئاماژه به چەند نمونەیەک بکەین که دڵڕقیو فێڵاوی بوونی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدەن.
له ساڵی ٥٨ تا ٦٤ که زۆربەی شارو شارۆچکەو گوندوو ئاواییەکانی کوردستان به دەستی هێزی پیشمەرگەی کوردستانەوه بوون، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئابلۆقەی ئابووری خسته سەر کوردستانو هیچ جیاوازیەکی له نێوان خەڵکو پیشمەرگه دانەناوه و بەو تاکتیکه به خەیاڵی خۆی دەیهەویست خەڵکی کوردستان نیازمەند بکاو ئەو نیازمەندیە بگاته جێگایەک که خەڵک بەرهەڵستی هێزی پێشمەرگەو حیزبه سیاسیەکانی کوردستان ببنەوهو لەو رێگایەوه ریزەکانی کورد تووشی کیشەو دووبەرەکی بکا، بەڵام دیتمان ئەو خەیاڵه خاو بوو و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ خەڵکو پێشمەرگه هەروا دڵسۆزو پشتیوانی یەکترن.
لەگرمەی شەڕی داسەپاودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کاتێک زانیان ئابلۆقەی ئابووری ناتوانێ چارەنووسی بەرەکانی شەڕ بگۆڕێ، پیلانێکی دیکەیان داڕشت ئەویش دیتنەوەی کەسانی خۆفرۆشو جاش که لەپیناو پلەوپایەوسامانی مادی دا له مەیدانەکانی شەڕ بە گژ هێزی پێشمەرگەدا بچنەوهو له سەرکوتی خەڵکدا ڕۆڵی سەرەکی ببینن و له هەمان حاڵدا وانیشان بدەن که ئەوه کورده شەڕی کورد دەکاو شەڕی داسەپاوی خۆیان لەو ڕێگایەوه بکەنە کوردستانیو به پێی قسەی آیتاللە خومەینی:” لە هەر لایەک بکوژرێ بە قازانجی ئیسلامە” و تەنانەت هەر بە ئەوەنده ڕانەوەستان و له ناوی پیرۆزی پیشمەرگەش بۆ ناو له سەرنانی ئەو جاشو خۆفرۆشانه کەڵکیان وەرگرتوو پێیان وابوو که به هەڵگرتنی ناوی پێشمەرگە خەڵکی کوردستان وەریان دەگرێو پشتیوانیان لێ دەکا، بەڵام هەرەوکی شاهیدین خەڵکی کوردستان بەو کەسانه که خاکو نیشتمانو نەتەوەی خۆیان فرۆشتوه دوای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ هەر پێیان دەڵێن جاشو به چاوی خائینو وڵات فرۆش سەیریان دەکەن.
بەڵام کۆماری ئیسلامی له مەبەستو ئامانجی خۆی دەرحەق به گەلی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان غافڵ نەبووەو هەردەم به جۆرێک له جۆرەکان بەدوای پیاده کردنی گەڵاڵەو تەرحی خۆدا بووهو له دژایەتی کردنی گەلی کورد به شێوەی جۆراوجۆر دەستی نەپاراستووەو به دەیان تاکتیکو فڕو فێڵی دیکەی بەکار هێناوه بۆئەوەی هێزی پێشمەرگەو خەباتگێڕانی گەلی کورد له بەرچاوی خەڵکی کوردستان بخەنو مەجبوور به پاشەکشەیان بکەن، له فشار هێنانو دوورخستنەوەو زیندانی کردن بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگهو خەباتگێڕانڕا بگره هەتا چاونوقاندن له ئاستی بڵاوبونەوەی ماده هۆشبەرەکان بەڕادەیەکی بەربڵاو له کوردستانو ناردنی سەمی کوشەنده بۆ دەرمانخواردکردنی خەباتکارانی نێو ڕیزەکانی جوڵانەوهو بەزاندنی سنووری نێودەوڵەتی بەمەبەستی زەربە لێدان له بنکەو شوێنی حەوانەوەی ژنو منداڵی پێشمەرگهو دروست کردنی گروپو تاقمی تیرۆریستیو کارکردنیان له ناو خاکی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئوروپایی… هەموو ئەوانهو دەیان پیلانی دیکه نەیانتوانیوه ورەو ئیمانی خەباتگێڕانی گەلی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوخێننو نێوان بخەنە مابەینی خەڵکو هێزی پێشمەرگه.
دوای تیپەڕبوونی ٣٦ سال به سەر هەڵگیرسانی شەڕی کوردستاندا کۆماری ئیسلامی دەستی له پیلانگێڕی دەرحەق به گەلی کوردو ڕۆڵە به ئەمەگەکانی ئەو گەله هەڵنەگرتووهو مەبەستدار دەیهەوێ له کوردستان ئەو فەزایە که خۆی خولقێنەری بووه هەر بپارێزێو ماوەی نزیک به ساڵێکه دەنگۆی ئەوه هەیە که سپای پاسداران دەیهەوێ له مانگی بانەمەڕی ئەوساڵدا بۆ جاشەکان له ژێر ناوی “کۆنگرەی پێشمەرگەکانی موسڵمان” کۆنگرەیان بۆ پێک بێنێ.
سپای پاسداران که هێزی سەرەکی سەرکوتی گەلی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووهو هەیه مەبەستی له گرتنی ئەو کۆنگرەیە ئەوەیه که له فەزای دروست بوو و زاڵ به سەر ناوچەکەدا به قازانجی خۆی کەڵکی لێ وەربگرێ.
لەهەل ومەرجی ئیستادا هەموومان باش ئەوه دەزانین که خەباتی نەتەوایەتی کورد له سێ پارچەی کوردستان به ئاقاریەکدا ڕویشتووه که له بەرژەوەندی نەتەوەی کوردو پرسەکەدا بووه و له سەرکەوتنی یەکجارەکی نزیکو نزیکتر کردۆتەوه به تایبەتی ئەوفەزاییە که به هۆی بەربەرەکانی ئازایانەی هێزی پێشمەرگه له بەرامبەر هێرشی داعشدا له خۆی نیشانداو ناوی پێشمەرگه بوو بەناوێکی جیهانی که بەربەرەکانێ له گەڵ تیرۆریزم دەکاو خۆشەویستی جیهانی بۆ خۆی دەستەبەرکرد هەربۆیه سپای پاسداران به گرتنی کۆنگرهی بە ناو “پێشمەرگهی موسوڵمان” دەیهەوێ به مەبەستی خراپی خۆی لەو ناوه پیرۆزه کەڵک وەر بگرێو به خەڵکانی ئێرانو ناوچەکەو جیهان بڵێ که ئێرانو سپای پاسدارانیش هێزی پێشمەرگەی هەیەو ئەوەی سپای پاسداران بۆ عێراق ناردویەتی هێزی پێشمەرگەی کورد بوەو له لایەکی دیکەشەوه ئەوه بڵێ که له گەڵ ناوی پیشمەرگه هیچ دژایەتیەکی نییەو ئەوانەی له ڕیزی سپای پاسدارانن پێشمەرگەن.!!
رێژیم دەیهەوێ بۆ خۆشەویستکردنی جاشو خۆفرۆشەکان له نێو بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستانلەودەرفەتە کەڵک وەربگرێ که دیاره ئەو پیلانەشی هەروەک پیلانەکانی دیکه بەچاو کراوەی خەڵکی کوردستان دەبێته بڵقی سەرئاوو قەت خەڵکی کوردستان خەیانتو جاشایەتی ئەو کەسانه له بیرناکات که پشتیان له خاکو نەتەوەکەی خۆیان کردوه.