هەیئەتێك به نوێنه‌رایه‌تیی شیركەتە نەوتییەكانی ئا‌مریكا سەردانی ئێران ده‌کاو هه‌ر له‌و چه‌ند ڕۆژه‌شدا کاربه‌ده‌ستێکی شیرکه‌تی ” ئێنی”، غولی نەوتیی ئیتالیاش چاوی بە وەزیری نەوتی ئێران كەوتوه.
عەباس شێعری موقەدەم، جێگری وەزیری نەوت دەڵێ هەیئەتێكی نەوتیی ئا‌مریكا لەم حەوتوویەدا سه‌ردانی تاران دەكەن‌و قەرارە چاویان بە كۆمەڵێك لە بەرپرسانی پیشەسازیی نەوتی ئێران بكەوێ‌و دانوستانیان هه‌بێ.
ناوبراو دەڵێ شیمانەی ئەوە دەكرێ كە ئه‌م سەفەرەی شاندی ئا‌مریكا بۆ تاران نیشانه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گەمارۆ نەوتییهکانی ئه‌مریکا له دژی ئێران لە داهاتوویەكی نزیكدا بێ‌و، وا بڕیاره له‌ئه‌گه‌ری ڕێککهوینی گشتیی دواجاردا شیركەتە گەورەو نێودەوڵەتییەكانی نەوت‌و گازی ئا‌مریكا لە ئێران دەست بە چالاكی بكەنه‌وه.
بەپێی قسەكانی ناوبراو وتووێژ لەگەڵ شیركەتەكانی ئاڵمان، هولەندو ئیتالیاش بۆ بەشداریكردن لە پیشەسازیی نه‌وتی ئێران‌دا دەستیان پێکردوه.
هەواڵدەریی رۆیتێرز دەڵێ ڕێككەوتنی سیاسیی ئه‌تومی لە لۆزانی سوئیس لە نێوان ئێران‌و 6 زلهێزەكەی جیهان ڕێگەی بۆ ڕێككەوتنی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌تومی خۆش کردوه،بەڵام بەپێی قانوونی گەمارۆكانی ئا‌مریكا، له ئێستادا هیچ شیركەتێكی ئا‌مریكا ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ مافی مامەلەكردنیان لەگەڵ ئێران‌دا نییەو هەروەها سەرمایەگوزاری كردنیش لەم وڵاتە قەدەغەیە.
سەفەری هەیئەتێك لە شیركەتە نەوتییەكانی ئا‌مریكا بۆ ئێران لە حاڵێك دایە كە هەواڵدەریی فارس ڕۆژی دووشەممە هه‌واڵی چاوپێكەوتنی كاربەدەستانی شیركەتی نەوتی “ئێنی”ی ئیتالیای لەگەڵ بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرده‌وه. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، غولی نەوتیی ئیتالیا خوازیاری به‌شداریکردن لە پڕۆژە نەوتی و گازییەكانی ئێرانە.
شایانی باسە كە لە ماوه‌ی سەركۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاددا شیركەتە ڕۆژاواییەكان ئێرانیان بەجێهێشت، بە شێوەیەك كە بە پێی ڕاپۆرتە ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئا‌مریكا، ئێران لە ساڵی 2007 نه‌یتوانیوه له هیچ مەیدانێكی نەوتیی نوێ‌دا به‌رهه‌مهێنانی هه‌بێ.