لە کاتێکدا سێ رۆژ بەسەر کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی شووڕای شارو گوندەکان تێپەڕیوەو هەواڵی ئاکامی هەڵبژاردنەکان لە هەموو شارو گوندەکانی ئێران وکوردستان بڵاوکراوەتەوە ، بەڵام بە هۆی هەستیاربوونی هەڵبژاردنەکانی شوڕای شاری ورمێ هەواڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک خۆی بڵاونەکراوەتەوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن یەک دووناوەندی ئەوشارە ڕێگرییان کردوە لە بڵاوبوونەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی شاری ورمێ ، بەڵام رۆژی ١ی جۆزەردان بەفەرمی بڵاوکرایەوە.
هێندێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆ لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەرپرسانی ئەوشارە بەخستنە ڕێی شەڕی ڕەوانی بە تەمابوون ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە ویستی خۆیان موهەندسی بکەن و ڕێگە بەسەرکەوتنی بەربژێرانی کورد لەو شارە نەدەن، بەڵام بە پێی ئاخرین زانیارییەکان، لە ١١کەسی سەرکەوتوو ٤کەسیان بەربژێری کوردن کە دەنگیان هێناوەتەوە و دووی دیکەش ئەندامی جێگرەوەن.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە ڕایگەیاند کە پێشتر بەرپرسانی ئەوشارە بۆ سازکردنی ناکۆکیی لە نێوان خەڵکی کورد وتورک هێندێک بەڵگەی ناراستیان بڵاوکردوتەوە و دەیانهەوێ ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە بە لاڕێدا ببەن و لێژنیەیەکیش لە ناوەندوە هاتووە بە پێداچوونەوەکردنی زیاتر.
شایانی باسە بەرەی “نوژین” لە کۆکردنەوەی دەنگی کورد لە شاری ورمێ ئەمە خولە لە هەڵبژاردنەکانی شوڕای شارو گوندەکان لە ڕێکخستنی دەنگی کوردەکان و سەرخستنی بەربژێرانی کورد دەورورۆڵی پوزتیڤی گێڕا.