تاوانبارێکی مەحکووم بە ئێعدام، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەیەک گەڕایەوە باوەشی ژیان.
بۆ جارێکی دیکە لە شاری سنە بە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی وفەرهەنگی ئەوشارەو بەشداری و پاڵپشتی کردنی خەڵک، کەسێک بەناوی هێمن مستەفایی کە لە ژێر حوکمی ئێعدامدا بوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژاروەکە، لە ئێعدام ڕزگاری بوو.
کەمپەینی لێبوردویی”بەخشش” شاری سنە کە لەسەر دەستی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی پێکهاتوە لە درێژەی کارەکانی خۆی کە هەمان پەرەپێدان بە روحی لێبوردویی و گەشەی مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەدایە، سەر لەنوێ بە نێوبژیوانی کردن، توانییان دەرفەتی ژیان ببەخشن بە تاوانبارێک کە چاوەڕێ ئێعدام بوو.
هێمن مستەفایی خەڵکی شاری مەریوان دووساڵ لەمەوپێش بە تاوانی پێبوونی چەک و، هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی بەرهەڵستکاری رێژیم و کوشتنی کەسێک بەناوی ئیبراهیم محەممەدی، دەسبەسەر و، بڕیار بوو لەم رۆژانە ئیعدام ببێ. بەڵام بە هاتنە مەیدانی چالاکانی مەدەنی وفەرهەنگی و، کۆبوونەوەیان لە بەردەم زیندانی ناوەندی سنە، رۆژی ١ی جۆزەردان بنەماڵەی ئیبراهیم محەممەدی بەشێوەی کاتی لە بکوژی کورەکەیان خۆش بوون و، هێمن مستەفایی گەڕایەوە باوەشی ژیان.
ساڵی ڕابردووش کەمپەینی” بەخشش” توانی بە نێوبژیوانی کردن و تێکۆشانی خۆی یەک دووکەسی دیکەش لە ئێعدام ڕزگار بکا.