وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا ڕایگەیاند كە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بۆ وتووێژ كردن لە بارەی پرسە پێوەندیدارەكان بە ئەمنیەتی ناوچە سەردانی عەرەبستان دەكاو پاشانیش سەفەرێكی فەرانسە دەكا.
سەركۆماری فەرانسەش لە بەرەبەری سەفەری خۆی بۆ كۆمەڵێك لە وڵاتە عەرەبییەكانی ناوچەی كەنداوی فارس گوتوویەتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ بۆ چارەسەری قەیرانەكانی ناوچە، دەورێكی كاریگەر بگێڕێو پێویستە لەم پێناوەدا به کردهوه نیازپاکیی خۆی دهربخا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “ئالریاض” چاپی عەرەبستان، فرانسوا ئۆلاند لە پێوهندی لهگهڵ بەرنامەی سەفەری خۆی بۆ عەرەبستان پێداگریی کردوه که لەم سەفەرەدا لەگەڵ كاربەدەستانی سعوودی لە بارەی ئاڵوگۆڕەكانی ناوچە وەك قەیرانی یەمەن، سووریەو عێراقو ههروهها ئێرانیش وتووێژ دەكا.
ناوبراو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئایا ڕێككەوتنامەی ناوكی كە بڕیارە لە مانگی ژوئەندا ئیمزا بكرێ، دڵنیایی بە وڵاتانی عەرەبی كەنداوی فارس دەدا یان نا، گوتی: ئێمە ئاگامان لە هۆكارو سهرچاوهی نیگەرانیی ڕێبەرانی وڵاتانی كەنداوی فارس هەیەو هەموو لایەكیش ئاگاداری ویستی من لە بابەت ئەم پەروەندەیەن . ئهو گوتی لۆران فابیووس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لەم بارەیهوە زۆر بە توندی وریایی داوەو ئهمن هیوادارم ئەم لایەنانە بە ڕێككەوتن بگەن، بەڵام پێویستە ئەم ڕێككەوتنەش، رێككەوتنێكی پتەو و بەردەوامو شیاوی جێبەجی كردن بێ، بە شێوەیەك كە ڕێگری لە پەرەپێدانی چەكی ناوكی بكا و بتوانێ گەرەنتیی ئەمنیەتی ناوچەكەش بكا.
سەركۆماری فەرانسە هەروەها گوتوویەتی: گەمارۆكانی ڕێژیمی ئێران تەنیا بە مەرجی پێبەند بوون بەم بەڵێنییانە جێبەجێ دەكرێ، هەر بۆیە دەبێ ڕێژیمی تاران نەتەنیا پەروەندەی ناوكیی خۆی گەرنتی بكا، بەڵكوو پێویستە بۆ چارەسەری قەیرانەكانی ناوچەش دەورێكی كاریگەری هەبێو دەبێ لەم پێناوەشدا بەڵگەگەلێكی بڕواپێكراوی هەبێ.