پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه ڕیکه‌وتی ٣٠ی بانه‌مه‌ڕ شاندێكی حیزبی دێموکراتی کوردستان به سه‌رپه‌ره‌ستی سکرتێری گشتیی حیزب، مسته‌فا مه‌ولوودی له ڕیوڕه‌سمی ماته‌مینی نه‌وشیروان مسته‌فا، تێکۆشه‌ری دیرێنی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد له باشووری کوردستان و ڕێکخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له شاری سلێمانی به‌شدارییان کرد.
ئه‌و رێوره‌سمه به به‌شداریی جه‌ماوه‌رێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی باشووری کوردستان و هه‌روه‌ها به ئاماده‌بوونی نوێنه‌رایه‌تی و شاندی پایه به‌رزی لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
شاندی ئاماده‌بووی حیزبی له نزیکه‌وه له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی کوچکردوو هاوخه‌مییان ده‌ربڕی و، له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌رێز مسته‌فا مه‌ولوودی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان له لێداونێکی کورت بۆ که‌ناڵی ئین ئاڕتی ، پێگه‌ی و جێگه‌ی نه‌وشیروان مه‌سته‌فای له خه‌بات بۆ سه‌رخستنی گه‌له‌که‌ی و، هه‌روه‌ها هه‌وڵ وتێکۆشانی ناوبراوی بۆ گه‌شه پێدان به دیموکراسی و بردنه‌سه‌ری ئاستی رووناکبیریی کۆمه‌ڵگه به‌رزنرخاند.
شایانی باسه نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌کێک له ڕێبه‌رانی دیاروناسراوی کورده له باشووری کوردستان که دوای ته‌مه‌نێک خزمه‌تی فره ڕه‌هه‌ند رۆژی ٢٩ی بانه‌مه‌ڕ به هۆی نه‌خۆشی له ماڵه‌که‌ی خۆی له شاری سلێمانی ماڵاوایی له ژێان کرد و رۆژی دواتر له ڕیورهسمێکدا له گردی زه‌رگه‌ته به خاک سپێردرا.