ئەحمەد خانی کانیسانان کوری مەحموود خانی کانیسانان سەرۆکی تایفەی ”حیدربگی” گەورەترین عەشیرەی مەریوان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی بانەمەڕ کۆچی دوایی کرد. ئەحمەدخان یەکێک بوولە ئەندامانی ئەو شاندەی کە کاتی خۆی مەحموودخان بۆ پشتیوانی لە پێشەوا قازی موحەمەد ناردبووی بۆ مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان. دیارە هاوکات لەگەل دامەزرانی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٤دا مەحموودخانیش ماوەیەک شەڕێکی ناوچەیی لەگەل هێزەکانی ریژیم و بریتانیایەکان لە مەریوان دا بەرێوەبرد کە دواتر بوو بەهۆی دەستگیر کرانی مەحموودخان. سەرئەنجام لە زیندان دا فەوتی کرد. ئەحمەدخان کوڕی دووهەمی مەحموودخان بوو. دوای فەوتی حەمەخان کوڕی گەورە و جێگری مەحمووخان، جێگای براکەی گرتەوە و گەورەی عەشیرەتەکەیان بوو. بەڵام بەجۆرێک خۆی گۆشەنشێن کردبوو زیاتر وەک سۆفیەکی نەقشبەندی سلووکی دەکرد و کەمتر لە نێو جەماوەردا خۆی دەردەخست. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران هەم بنەماڵەی مەحموودخان و هەم حیدەرییەکان بەگشتی لەبەرەی خەڵکدا مانەوە و کەمتر لە ریژیم و دارودەستەکانی نزیک بوونەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەحمەد خانی کانیسانان سەرەخۆشی لەعەشیرەتی حەیدەر بەگی و بنەماڵەی بەڕێزی ئەحمەدخانی کانیسانان بە تایبەتی دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.