لە ئەنجامی تەقە بەردەوامەکانی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاسبکارانی کورد، ١٤ سەر ئەسپی کاسبکارانی شاری شنۆ بە کوژران.
چەند شەو لەوەپێش هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی “قەمتەرە” لە سنووری شاری شنۆ تەقەیان لە کاسبکارانی کورد کرد و لە ئاکامدا ١٤ ئەسپی کاسبکاران کوژران.
بەپێی مادەی ٢ی قانوونی قاچاخکردنی کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێ هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە و ئەو سزایە نایانگرێتەوە بەڵام تاڵانچییەکانی ڕێژیم تەنیا لەبەر کاڵاکان هێرش دەکەنەسەر کاسبکاران و بارەکانیان لێ زەوت دەکەن.
کۆڵبەری و کاسبی کردن لەسەر سنوورەکان تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە دەکوژرێن و بریندار دەبن.