به‌هۆی فشاری چه‌ند قات بۆسه‌ر كه‌مینه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ٢٨ به‌ربژێری یارسان بۆ شووڕای شاری “هه‌شتگرد” شیاویان پێنەدرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هێرانا، سیاوش حه‌یاتی، وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی ڕاوێژكاریی چالاكانی مه‌ده‌نیی یارسان گوتی، به هۆی هه‌ڵاواردن له بواری ئایینی زۆربه‌ی به‌ربژێره‌كانی یارسانه‌كان له هه‌ڵبژاردنی شوراكان شیاویان لێستێنداریه‌وه.
ناوبراو گوتی، له ٣٠ به‌ربژێری یارسان بۆ شورای شار و گونده‌كانی شاری هه‌شتگرد ته‌نیا٢ كه‌س شیاویان پێدراوه و ٢٨ كه‌سه‌كه‌ی دیكه به هۆی جیاوازیی ئایینییه‌وه ڕه‌د كراونه‌ته‌وه.
شاری هه‌شگرد یه‌كێك له‌و شارانه‌یه كه حه‌شیمه‌تێكی زۆری یارسان لێ نیشته‌جێیه و له‌و شاره ٣٠ كه‌س له یارسانه‌كان خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی شوراكان ئاماده‌كردبوو كه له‌لایه‌ن هێڵه‌گه‌كانی كۆماری ئیسلامیی وه‌ك سه‌بت و ئه‌حواڵ، دادگوسته‌ری، هێزی ئینتزامی و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات ته‌نیا ٢ كه‌س نه‌بێ هه‌موویان شیاویان لێ ستێندراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له شاری شائابادیش به‌ربژێرێك به هۆی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به هه‌ڵاواردنی یارسانه‌كان شیاویان لێ ستانده‌وه.
لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ، كاربه‌ده‌ستانی ئەو رێژیمە دانیان به كه‌مینه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به تایبه‌ت یارسانه‌كان دانه‌ناوه و به دیدێكی جیاواز چاویان لێكراوه و ئێستاش له‌به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چه‌ند قات چه‌وسێندراونه‌ته‌وه.
وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مه‌ده‌نیی یارسان گوتی، به‌هاتنه‌سه‌ر كاری حه‌سه‌ن ڕۆحانی و ریفۆرمخوازه‌كان بارودۆخی ئایینی یارسانه‌كان هیچ له جاران باشتر نه‌بوو بگره خراپتریش بووه.
ناوبراو پێشتر له نامه‌یه‌كدا داوای له عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران كردبوو كه ئایینی یاری به ڕه‌سمی بناسن و كۆتایی به هه‌ڵاواردنه‌كان بێنن.