بەرهەمەکانی هونەرمەندی ناوداری کورد عەباس کەمەندی لە لایەن زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لێکۆڵینەوەی لێکرا و هەڵسەنگێندرا.
ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕ، زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەبەشداری کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و ئۆگرانی هونەر و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد وێڕای لێکۆڵینەوە، بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەیان هەڵسەنگاند.
جێگری فەرهەنگی زانکۆی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا گوتی: هیچ میللەتێک فەرهەنگی خۆی پشت گوی ناخا و خەڵکی کورد شانازی بە فەرهەنگی خۆیانەوە دەکەن.
ڕەوشەن خۆشنەواز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، بەرهەمەکانی عەباس کەمەندی نیشانەی هەوڵە بێ وچانەکانی ناوبراو بووە، عەباس کەمەندی لە نووسینەوە دەستی پێکرد هەتا بێژەری، چیرۆکنووسی، شێعر، سیناریۆ نووسی، ئاواز و موسیقا، کە ئەم کارانە ئەو هونەرمەندە کوردە بێ شک دەبێ ڕێزیان لێ بگیردرێ.
فەردین ئەیووبی نیگارکێشی ناسراوی خەڵکی شاری سنە لەکۆرە زانستیە ڕایگەیاند: عەباس کەمەندی نیگارکێشێکی هەست بزوێنەر و دەست ڕەنگین بوو، کە بەبێ مامۆستا، خۆی فێری هونەری نیگارکێشی بووە و کەس فێری نەکردوە.
هەر لەو کۆڕەدا ئیرەج بەهرام نێژاد، شاعیر و نووسەری کورد چەند وتەیەکی لە سەر بەرهەمەکانی ئەو هەنەرمەندی کوردە لە بواری شێعردا پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.
هەروەها لەلایەن گرووپی موسیقا”بێ سنوور” بە چەند پارچە موزیکێک ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاوەتر کرد.
شایانی باسە عەباس كەمەندی ساڵی ١٣٣١ لە گەڕەكی “جەورئاوا”ی شاری سنە لەدایك بووە و جیا لە كاری مامۆستایەتی زۆرینەی هونەركانی تاقی كردۆتەوە و هەتا رادەیەكی بەرچاویش سەركەوتوو بوو، هەر بەم هۆیەوە بە “پیاوی حەوت هونەر”ناسرابوو.