کاربەدەسـتێکی ئامریکا دەڵێ، لەسەر ئەو باوەڕەم کە ڕێژێمی سووریە کورەی تەرم سووتاندنی لە یەکێـک لە زیندانەکانی وڵاتەکەی دروستکردوە تاوەکو تەرمی ئەو هەزاران کەسەی لەوێ کوشتوویانن لەناویانبەرن و هیچ ئاسەوارێـکیان نەهێڵن.
ستیوارت جۆنز ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی ڕابردوو بە ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی، ئەو کورەیە لە بەندیخانەی سەدنایای نیزامی کە دەکەوێتە نزیک ١٠ کیلۆمیتریی باکووری دەمێشقی پێتەخت دروستکراوە.
بەپـێی ڕاپـۆرتێـکی ئەمنستی ئینتێرناشناڵ کە لە مانگی دوو بڵاوکرایەوە و گتی شیمانەی ئەوە دەکرێ کە حەوتووانە ٢٠ بۆ ٥٠ کەس لەو بەندیخانەیە بکوژرێن. هەروەها دەڵێ، لەو کاتەی ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە دەسـتیپێـکردوە هەتا ئێستا 5 هەزار بۆ ١٣هەزار کەس لە بەندیخانەکاندا لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون.
هەروەها جۆنز گوتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ وە بینایەکی بەندیخانەکە گۆڕانکاری تێداکرا تاوەکو بۆ دانانی کورەکە بگونجێ. گوتیشی وێنەکانی سەتەلایت کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٥ گیراون نیشانی دەدەن بەفر لەسەر ئەو بینایە یەکسەر تواوەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەو گەرمیـیە زۆرەیە کە لەو بینایەدا دەردەچێ.
هەروەها ئاماژەی بۆ خراپی مامەڵەی نێو ئەو بەندیخانەیە کرد و گوتی ژوورەکانی وەها دروستکراون ئەوپەڕی جێگەی ٥ کەس دەبێتەوە، بەڵام ڕێژێمی ئەسەد هەر ژورەی ٧٠ کەسی لێ بەندکردوە.