وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا رایگەیاند، ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی ترامپ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست، پێكھێنانی ھاوپەیمانییەك دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێرانە و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەڵێ ھاوپەیمانی عەرەبستان، ئامریكا و ئیسرائیل خەریكە سەر دەگرێ.
رێكس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریكا بە ئێن بی سی راگەیاندوە، بۆچوونێكی ھاوبەش لە ناوچەكە بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل لەبارەی سیاسەت و دەستێوەردانەكانی ئێران ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەمریكا پێكھێنانی ھاوپەیمانییەك بۆ رووبەرووبوونەوەی سیاسەتەكانی ئێران بە پێویست دەزانێ و قەرارە بەم زووانە دامەزرێ.
هەروەها تیلێرسۆن دەڵێ، ئێران لە ھەوڵەكانی بۆ ناسەقامگیری ناوچەكە و پشتیوانی لە تیرۆریزم بەردەوامە و ئامریكا رووبەرووی ئەو ھەوڵانەی ئێران دەبێتەوە.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئەو ھاوپەیمانیەی ئیسرائیل، عەرەبستان و ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا باسیان دەكرد، خەریكە دروست دەبێ و ھێرشی كردە سەر عەرەبستان و رایگەیاند كە سعودیەكان ھەوڵیان داوە لە سنوورەكانی ئێران كاری تێكدەرانە ئەنجام بدەن.
بڕیارە دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئامریكا لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی سعودیە و ئیسرائیل بكا و لە ماوەی رابردووشدا بەرپرسانی ھەرسێ وڵات زیاتر وتووێژیان دژ بە رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا کردوە.