کەمتر لە سێ رۆژی دیکە دەرفەتی یاسایی ماوە بۆ بانگەشە و ڕێکلامی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شوڕای شارو گوندەکان، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن هەر کام لە باڵەکانی نیزام لە هەوڵی ئەوەدان بە هەر شێوەیەک سەرنجی دەنگدەران بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن
ڕۆژی ڕابردوو باقر قالیباف یەکێک لە ٦ بەربژێرانی سەربە باڵی بناژۆخوازان لە بە فەرمی لە بەشداریی کردن لە ڕەکەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری کشایەوە
ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای هێرش کردن بۆ سەر دوو بەربژێری دیکە و رەخنەی توند گرتن لە دەوڵەتی یازدەیەم ڕایگەیاند کە بەمەبەستی سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی دەکشێتەوە.
ئاسوشیتدپریس لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کشانەوەی پاسدار قالیباف بەربژێری سەرۆک کۆماری نووسی؛ دوای کشانەوەی قالیباف ئەگەری ئەوەش هەیە کە کەسانی دیکەش هاوشێوەی قالیباف بکشێنەوە، قالیباف کە ١٢ساڵە شارەداری شاری تارانە لە زۆر بوارەوە ، خەڵکی ئەوشارە لێی ناڕازین. بەتایبەتی دوای ئاگرگرتن و رووخانی بینای پلاسکۆ کە زیاتر لە ٢٦ کەس گیانیان لەدەست دا ، خەڵک لەوبارەوە لە قالیباف و بەرپرسانی شارەداری تووڕەن، هێندێک کەس لەسەر ئەوباوەڕەن کە قالیباف لە ئەگەری سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی ، ببێتە جێگری سەرۆكکۆمار.
بەربژێربوونی ئیبرائیم ڕەئیسی لە یەکەم رۆژەوە تائێستا باسی کۆمەڵکوژی دەیەی٦٠ی هەتاویی ، لە کۆڕکۆبوونەوەکان و میدیاکاندا ورووژاند و دوای قسەکانی ڕوحانی لە پارێزگای هەمەدان لەوبارەوە لە نێو باڵی بناژۆخوازان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
شیاوی باسە ئەگەرچی ئیبراهیم رەئیسی ئەندامی هەیئەتێک بوو کە کۆمەڵکوژی دەیەی٦٠ی هەتاویی بەڕێوەبرد بەڵام تا ئێستا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی بەو خاڵە نەداوە، بەڵکوو چەند رۆژنامەی سەر بەباڵی خامنەیی و چەند وتاربێژی رۆژی هەینی لەو بارەوە بەرگرییان لێکردوە.
رۆژنامە رەساڵت لە بابەتێکی دیکەدا نووسی؛ باس کردن لە رووداوەکانی ٣٨ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی هێڵی سوورەو دەبێ بەربژێران ئاگایان لە قسەکانی خۆیان بێ.
شایانی باسە لە سەردانی حەسەن روحانی بۆ شاری ساری، لە باشووری ئێران خەڵکێکی زۆر بە دروشم دان خوازیاری ئازادی زیندانیانی سیاسی بوون.