کەسایەتی سیاسی و ناسراوی کورد بە بۆنەی ئازادبوونی رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان محەممەد سدیق کەبوودوەند پەیامێکی بڵاوکردوە
عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە پەیامەکەی خۆیدا، کە لە لاپەڕەی فەرمی فیسبووکەکەی بڵاوکراوەتەوە بەنیسبەت رۆڵ و کاریگەریی بەرێز کەبووندوەند و چالاکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵات کۆمەڵێک خاڵی جێگای سەرنجی خستووتە بەرباس.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا دەڵێ:
ڕووداوەکانی دە ساڵ زیندانی کەبوودوەند دوو دیمەنی پڕمانا و جێگای لێفێربوونمان پێشان دەدەن: یەکیان ورەی بەرز و باوەڕی پتەوی زیندانییەک بەو ئاوات و ئامانجانە کە لە پێناویاندا کەوتۆتە بەندیخانە و ئەوی دیکەیان ڕقی کۆنەپەرستانە و بێگانەیی ڕێژیمێک دەگەڵ هەموو مانا و چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری و هەرچی بایەخی ئینسانی و شارستانییە.
لایەک دە ساڵ خۆڕاگری و سەردانەنواندن سەرباری ئازاری کەموێنەی جەستەیی و گیانی، دەستەویەخەبوون دەگەڵ چەند جۆر نەخۆشیی تاقەتپڕووکێن، دوو جار مانگرتنی درێژخایەن لە خواردن، دوو جار ڕاوەستانی دڵ، جارێک سەکتەی مێشک، چەند ساڵ بێبەشی نەکهەر لە سەردانی کەسوکار، بەڵکوو لە دەرمانی جگەرگۆشەیەکیش کە دێوەزمەی مەرگ و مەترسیی جوانەمەرگبوون هەڕەشەی لێدەکرد.
لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەیدا هاتوە؛سەرەنجام “زستان ڕۆیی و ڕووڕەشی بۆ خەڵووز مایەوە”. سوپاس بۆ خوا کە بەرچاوتەنگی و کەللەشەقی نەیانهێشت بە گوێڕاگرتن بۆ بانگەوازی کۆڕوکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان کەمترین ئیعتیبار و ئابڕوو بۆ کۆنەپەرستان بگەڕێتەوە و زیندانییە سەربەرزەکەمان بێ منەتی بەخشرانی تەنیا یەک ڕۆژ زیندانی بە سەربەرزی میلەکانی زیندانی بەجێ هێشت.
مامۆستا حەسەنزادە لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێ: بەدڵنیایییەوە دەڵێم مافی مرۆڤی کوردستان بە بوونی پارێزەرانی وەک کەبوودوەند و کەبوودوەندەکان قەت ناتوانێ بۆ هەمیشە پێشێل بکرێ و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەک کە ئەوجۆرە قارەمانانە پێشەنگی بن هەر دەبێ بگاتە دواقۆناغی سەرکەوتن. سەدان سڵاو وهەزاران ئافەرین بۆ ئەفسانەی ئازایی و ئەوینداری ئازادی، موحەممەد سدیقی کەبوودوەند.
سەرمەشقی خۆڕاگری و نەبەزی! گەڕانەوەی سەرکەوتووانەت پیرۆز بێ.
شایانی باسە سدیق کەبوودوەند دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دوای تێپەڕ کردنی دەساڵ زیندان، رۆژی ٢٢ی بانەمەڕ بە سەربەرزییەوە ئازاد بوو.