لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان و، بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی دوایین دیبەیتی نێوان بەربژێرانی سەرۆک کۆماری بەگژ یەکدا چۆن و یەکتر لە قاودانی بەربژێران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زیادی کردووە.
لە لایەک دیکەش باڵی بناژۆخواز و کەسانی نزیک بە ڕیبەری نیزام لە ترسی هاتنە ئارای هەرچەشنە ئەگەرێک دەستیان داوە بە هەڕەشە کردن و هوشدارن .
دوای ئەوە حەسەن روحانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ خەلکی شاری هەمەدان و ورمێ باسی لە ٣٨ سال ئێعدام و زیندانی کردنی خەڵکی ئێران کرد و قسەکانی لە دژی باڵی بناژۆخواز و بەربژێری ئەو باڵە واتە ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە بوو ، قسەکانی روحانی هەڵوێستی توندی لایەنی بەرانبەری لێکەوتەوە.
وتاربێژی رۆژی هەینی شاری نەیشابوور بە ڕاشکاوانە فەرمان و بەڕیوەبردنی کۆمەڵکوژی جیابیران و دژبەرانی نیزامی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بە کردەوەیەکی گونجاو و ئینقلابی لە قەڵەم داو لەو بارەوە ئیعدامەکانی بە قەساسی ئیسلامی ناساند نەک جەنایەت.
هەروەها وتاربێژی رۆژی هەینی شاری ئیلام ڕایگەیاند نابێ بەربژێران بە ڕەخنە گرتن لە ئیعدامەکانی سەرشەقام دەزگای قەزایی تاوانبار بکەن.
لە لایەکی دیکەش باڵی دیکەی رێژیم دەوڵەتی روحانی بە دەوڵەتێکی گەندەڵ و ناکارامە تاوانبار دەکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژنامەکانی سەر بەسپای پاسداران، لە درێژەی هێرش کردنەکانیان و لە وەڵامی ڕەخنەکانی روحانی لە مافیای سپای پاسداران ، کەشوهەوای هەڵبژاردنەکانی بە مەترسیدار زانی و لەو بارەوە رۆژنامە ڕەساڵت سەر لەنوی باسی سەرهەلدانی”فینە”ی ساڵی ٨٨ی هەتاوی کرد.
رۆژی ٢٥ی بانەمەڕ رۆژنامەی جەوان ئورگانی سپای پاسداران دروشم و ململانێیەکانی بەربەری هەڵبژاردنی بە مەترسی بۆ سەر نیزام باس کردو، بە بەربژێران، بەتایبەتی باڵی ڕەخنەگری بناژۆخوازان هوشداری دا.
هەر لە درێژەی ڕەکابەری بەربژێران و باڵەکانی نیزام بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ، پاسدار حەسەن عەبباسی باسی لە ئەگەری تیرۆری حەسەن روحانی کرد لە سەروبەندی هەڵبژرادنەکان ئەڵبەت ناوبراو ئەو قسەیە لە زاری وەزیری بەرگری ئیسرائیل باس کردوە.