لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی رابردوودا، سێ تەقینەوەی سامناک لە سەرسنووری قەسری شیرین رووی داوە.
بە پێی هەواڵی باشگای هەواڵنێران رۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕ کاتژمێر ١١، بۆ جارێکی دیکە تەقینەوەیەک لە ناوچەی سنووریی قەسری شیرین رووی دا.
قایمقامی قەسری شیرین بە ئاماژەدان بە تەقینەوەیەکی دیکە لە دەوروبەری پاسگایەک لە ناوچەی سنووری پەرویزخان ڕایگەیاند کە بە پێی لێکەوڵینەوەکان ئەو تەقینەوەش بۆ کێڵگە مینرێژکراوەکانی پاشمای شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە.
شایانی باسە پانتایەکی زۆر لە جوغرافیای چوار پارێزگای کوردستان کێڵگەی مینی چیندراوەو، دوای تێپەڕبوونی نزیک بە سێ دەیە لە شەڕی ئێران و عێراق هیشتاکە زەوی زاری خەڵکی کوردستان لە مینی بە جێما خاوێن نەکراوەتەوەو، هەرساڵە بە هۆی تەقینەوەی مین دەیان کەس لە خەڵکی کورد بەتایبەتی هی ناوچە سنوورییەکان زیانی گیانی وجەستەییان وەبەر دەکەوێ.