رۆژی ٢٩ی بانەمەڕ ئەوبەشەی لە خەڵکی ئێران کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەکەن تەنیاو تەنیا دەتوانن دەنگ بدەن بە پیاوان و، ژنان لەو مافە بێبەش کراون
لە مێژووی نزیک بە ٤ دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ پاڵێوەری ژن رێگەی پێنەدراوە لە رەکەبەریی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێ و ئەمەش بۆ بەربەستەکانی سەرێی ژنان دەگەڕێتەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
کاناڵی جیهانی “بی بی سی” لەو بارەوە نووسی: ئەمساڵ ١٣٧ژن بۆ بەربژێربوون لە سەرۆکۆماری ناوخۆیانیان نووسی کە ناسراوترینیان ئەعزەم تاڵەقانی نوێنەری پێشووی مەجلیس و کچی “تاڵەقانی”یە
ناوبراو لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ناوی خۆی نووسیوە بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە ماددەی یاسایی “ڕوجەل” کە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا هاتووە و بە مانای کەسایەتییە نەک تەنیا پیاوان.
ئەعزەم تاڵەقانی لەو باوەڕەدایە، ئەو دەستەواژەییە هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دەگرێتەوە ، بەڵام شووڕای نیگابان بە شێوەی نایاسایی پێشێلی دەکا.
لە ڕاپۆرتی “بی بی سی” دا هاتوە ژنان لە ئێران یەک لە سێ رێژەی دەنگدەرانیان هەیەو، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە سەرجەم بەربژێرانی سەرۆککۆماری لە دروشم و بانگەشەکانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن سەرەنجی ئەو چینە لە کۆمەڵگە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
شایانی باسە ئەمساڵ ژنانی سەربە ڕیکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێرناوی لە پێناوی ژنانی وڵاتەکەم شار چۆڵ دەکەم ، هەڵبژاردنە نادیموکراتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بایکۆت کرد.