دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە وتەبێژی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان و کورد وێڕای پیرۆزبایی ئازاد بوونی بەڕێز محەممەد سدیق کەبوودوەند لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، بەڕێز کەبوودوەند لە ماوەی یەک دەیە لە بەند کرانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا توانی ببێتە سەمبولێک لە خۆڕاگری نەتەوەیەک کە بۆ گەییشتن بە مافەکانی خەبات دەکا.
حەسەنزادە کوتی بەڕێز کەبوودوەند بە دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و بە تێکۆشانی خۆی لە بواری خەباتی مەدەنی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ توانی ئاستی وشیاری کۆمەڵگای کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ مافەکانی خۆیان بباتە سەرێ و دەنگی مافخوراوانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێتە ناوەندەکانی نێونەتەوەیی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان.
وتەبێژی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای سڵاو بۆ هەموو تێکۆشەرانی خەباتی مەدەنی لە کوردستان کوتی هیوادارم هەموو خەباتکاران و تیکۆشەرانی کورد کە بۆ ئازادی گەلەکەیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون هەرچی زووتر و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە باوەشی بنەماڵەکانیان.