بە پێی هەواڵی بڵاوکراو بڕیارە رۆژی هەینی محەممەد سدیق کەبوودوەند رۆژنامەنووس و چالاکیی مەدەنی کورد کە ماوە دەساڵە لە زیندان ڕاگیراوە ئازاد بکرێ.
چەند رۆژ لەمەوپێش هەواڵی کۆتایی هاتنی ماوەی دەساڵ زیندانی کە لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی بانگەشە بەدژی ئاسایشی نیشتمانیی و شێواندنی ڕای گشتی بەسەریدا سەپابوو بڵاوکرایەوە.
ناوبراو کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانە لەمانگی پووشپەڕی ٨٦ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و داوی ماوەیەک حوکمی قورسی دەساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
محەممەد سدیق کەبوودوەند سەرنووسەری حەوتەنامەی “پیام مردم” و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ لەماوەی بەندکرانیدا بە هۆی بێبەش بوونی لە مافی زیندانی و ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی و هەروەها زیادکردنی حوکمەکەی بە شێوەی نایاسایی ساڵی ڕابردوو نزیک بە یەک مانگ دەستی دایە مانگرتن و ، تاسنووری مەرگ خۆڕاگرانە لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەربەرەکانی کرد.
بە پێی زانیارییەکان گوایە کاربەدەستانی زیندانی “اوین” ی تاران لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندییان گرتووە کە رۆژی هەینی ڕێکەوتی٢٢ی بانەمەڕ ناوبراو لە زیندان ئازاد دەکرێ.