کاربەدەسـتانی باڵای تورکیە ئەوپەڕی ناڕەزایی وڵاتەکەیان بەرامبەر بڕیاری پـڕچەککردنی هێزەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” لەلایەن ئامریکاوە دەربڕی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیە رۆژی ڕابردوو داوای لە واشنگتن کرد دەسـتبەجێ لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەش بن عەلی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیە گوتی نابێ ڕێکخراوێـکی تێرۆریستی بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوێـکی تێرۆریستی دیکە بەکاربهێنرێ ، ئەگەر نا ئەو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە دەبێتە بەڵا و زیان بە لایەنە پشتیوانی کارەکان دەگەیەنێ.
هەروەها ناوبراو گوتی، ئامریکا هەستیاری تورکیەی لەم بارەیەوە ڕەچاو نەکردوە و ئاکامەکانی نەک تەنها بەسەر ئەنکارا بەڵکو بەسەر ئەمریکاشدا دەشکێتەوە.
نورەدین جانیکلی جێگری سەرۆک وەزیری تورکیە ناڕەزای خۆی دەربڕی و گوتی ،ئەم سیاسەتەی ئەمریکا پەیڕەوی دەکا سوودی بۆ هیچ لایەک نابێ و وەکو ئەوە وایە لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندا بچیتە یەک سەنگەرەوە.
هەروەها مەولود چاوشئۆغڵوش وەزیری دەرەوەی تورکیە دەڵێ، هەر چەکێـک بکەوێتە دەسـتی یەپەگەوە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیە. گوتیشی پەکەکە و یەپەگە دوو ڕێکخراوی تێرۆرستین هیچ جیاوازیـیان نیـیە تەنها ناوەکانیان نەبێ. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێشتر کە چەک بە یەپەگە درابوو لە کۆتایـیدا کەوتوونەتە دەسـتی پەکەکەوە.
شایانی باسە دەوڵەتی تورکیە پارتی کڕێکارانی کوردستان و سەرجەم لق و پۆپەکانی بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانێ.