بە پێی هەواڵی گەیشتو لە شاری ورمێ، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەوشارە دوو کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت کە بە فیشەکی هێزەچەکدارەکان بە توندی بریندار کراون ، لە دوخێکی زۆر نالەبار لە نەخۆشخانە بەسەر دەبن و تەنانەت بە هۆی دەسکورتییەوە، بنەماڵەکانیان ناتوانن بیانهێننەوە یان بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە.
هەر بە پێی ئەو هەواڵە کۆڵبەرێک بە ناوی بەهمەن تەوفیقی خەڵکی گاکێی ئالانە کە رۆژی ١٥ی ڕەشەممەی ٩٥ی هەتاوی دەکەوێتە بەر فیشەکی هێزەچەکدارەکانی سەرسنوور و بەتوندی بریندار دەبێ. ناوبراو لەوکاتەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ لە دۆخێکی نالەبار بەسەر دەبا و بە هۆی زۆر بوونی پارەو تێچووی نەخۆشخانەو نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی عوسمان ئەحمەدی خەڵکی گوندێ دوڵێ دوای برینداربوونی دەست ولاقێكی لەدەست داوەو هەر لەو نەخۆشخانەیە ڕاگیراوە
بنەماڵەکەشی بە ناچاری لە شاری ورمێ بوونەتە کرێچی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگایان لە کوڕەکەیان بێت
هەزینەی زۆری نەخوشخانە لە لایەک و دەسکورتی ماڵی بووتە هۆی گرفت وئازاری زیاتری ئەو بنەماڵە.
چینی جەفاکێشی کۆڵبەران کە بە هۆی دەیان گرفتی ئابوورییەوە بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان روو دەکەنە کاسبکاری لەسەر سنوور و ڕۆژانە لە ڕێگای جۆراجۆرەوە مەترسییان لەسەرە. بە داخەوە بەشێک لەوان بە هۆی بەربوونەوە لە کاتی ڕاودونان یان تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم تووشی نوقستان و کەمئەندامی دەبن و، هەروەها چون زۆربەیان لە بنەماڵەی دەسکورتن توانایی دابینکردنی هەزینەی چارەسەریی پزیشکییان نیە.