پاش ململانێیه‌كی زۆری هه‌ڵبژاردن له ئاكامدا ئامانۆئێل مه‌كرون به كۆی ده‌نگی زیاتر له سه‌دی ٦٥ بۆ پۆستی سه‌ركۆماریی فه‌رانسه هه‌ڵبژێردرا و جێگره‌وه‌ی فرانسوا ئه‌ولاندی سه‌ركۆماری چه‌پگه‌رای فه‌رانسه ده‌بێ.
خولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریی فه‌رانسه ڕه‌كابه‌ری مه‌كرون ماریان لۆپێن كه له ڕاستگه‌ڕا توندڕه‌وه‌كانی ئه‌و وڵاته بوو به هێنانه‌وه‌ی زیاتر له سه‌دی ٣٤ ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا.
پێش ڕاگه‌یاندنی ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌پێی قسه‌ی خه‌ڵك ناوبراو شانسی له ماریان زیاتر بووه. مه‌كرونی ته‌مه‌ن ٣٩ ساڵه پێشتر وه‌زیری ئابووریی فه‌رانسه بووه.
له خولی سه‌ره‌تایی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریی ئه‌و وڵاته ١١ كه‌س خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته پاڵاوتبوو كه له ئاكامدا مه‌كرون براوه بوو.
ئاكامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ ئورووپاییه‌كانی گرینگی زۆری هه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ماریان دژی یه‌كیه‌تیی ئورووپا بوو. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه مه‌كرون پێداگریی له‌سه‌ر ئابووریی ئازاد ده‌كاته‌وه باوه‌ڕی به قووڵبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تیی ئورووپا هه‌یه.
ماریان سیاسه‌تی دژه په‌نابه‌ریشی تا ڕاده‌یه‌ك تێدابوو كه گوتبووی سه‌دی ٨٠ ی هاتنی كۆچبه‌ران بۆ وڵاته‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها دژی شیركه‌ته بیانییه‌كان بوو ده‌یگوت ماڵیاتی قورسیان ده‌خه‌مه‌سه‌ر. به‌ڵام مه‌كرون دژی په‌ناخوازان نییه و ده‌ڵێ ده‌بێ كه‌سانێك كه پێویستیان پێمانه پشتیوانیان لێ بكه‌ین.