پێشنێوەڕۆی رۆژی ١٨ی بانەمەڕ، کۆمسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سیمینارێکی بۆ بەڕێزان قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهێن بایزیدپوور کادری حیزب،بۆ تاوتوێی کردنی پرسی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک پێکهێنا.
سەرەتا پێشکەشکار سمایل شەرەفی باسی لە مەبەستی سیمینارەکە کرد و، ئینجا لە پانێلی یەکەم قادر وریا بە باس کردن لەسە ر هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، باسەکەی خۆی دەسپێکرد.
ناو براو لەو پێوەندییەدا وتی: حیزبی دێموکرات بە مێژووی خۆی سەرەڕای ئەوەی کە دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، هەمووکات هەوڵی داوە بە مەسئوولیەتی سیاسییەوە بڕوانێتە دۆخی سیاسی نێو خۆی ئێران و هەڵوێستەکانی بە پێی هەلومەرجەکان گۆڕانی بەسەرهاتووە.
قادروریا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، کە ئاوردانەوەیەک بۆ سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرانبەر بە پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێران و، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ هەمووکات حیزبی دێموکرات هاندەر بووە کە خەڵک بەرانبەر بە چارەنووسی خۆیان خەمسارد و بێ تەفاوت نەبن و، بە لەبەر چاوگرتنی ئەو دەرفەتانەی کە دێنە ئاراوە بۆ باس کردن و گەیشتن بە ویست و داخوازییەکان لە هەرچەشنە دەرفەتێکی سیاسی ، فەرهەنگی کەڵک وەربگرن. هەروەها ڕوانین و خوێندنەوەی حیزب سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکان بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی سیاسی و بەرنامەو پلانی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکان و، دۆخی سیاسیی ئێران.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر هەلومەرجی سیاسی ئەمرۆکەی ئێران و هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە لە سەرۆککۆماری و شووڕای شاروگوندەکان کە لە ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێ.
ناوبراو لەو بارەوە گوتی ؛ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان بەچاوی رێزەوە دەڕوانینە هەموو چالاکانی نێوخۆی وڵات و سەرجەم تێکۆشەرانی مەدەنی وسیاسی وفەرهەنگی کورد، بەڵام وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان مادام هیچ کام لە بەربژێرانی ١٢یەمین خولی سەرۆک کۆماری بەرنامەو پلانێکی وایان بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابووریی وفەرهەنگییەکانی خەڵکی ئێران بەگشتی و، بە تایبەتی پرسی کورد لە وڵاتەدا نیە ، بەسەرنجدا بە کاندیداکان بەتایبەتی سەرۆک کۆماری خولی پێشوو، کە وادە وبەڵێنەکانی بە نیسبەت کورد نەتەنیا جێبەجێ نەکرد بەڵکوو لەو دەورەی دەسەڵاتداریەتی ئەویش، لە پێشێلکردنی مافی شارۆمەندیەوە بگرە هەتا کوشتنی کۆڵبەران و تەنانەت درێژەدان بە پیلانگێڕی بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە هەڵوێست وقسەی جیاوازی هەبوو، نیشان لەوەیە کە هیچ کام لە بەربژێران تا ئێستا بە نیەت پاکییەوە نەهاتوونەتە مەیدان و، هیچ چەشنە هیوایەک لەوان بەدی ناکرێ.
بەرێزیان لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە شووڕاکانیش وتی؛ هەڵوێستی ئەمجارەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لە بەرچاو گرتنی ئەو خاڵانەی کە باس کراو پشتیوانی کردن لە هاوهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان کە هاتووتە ئاراوە، دەمانهەویت بە ڕاگەیاندنی بایکۆت پەیامی خۆمان و خەڵکی خۆمان بە دەسەڵات ڕابگەێنین و بتوانین رۆحی یەکریزی لایەنە سیاسییەکان بخەینە نێو ماڵی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
لە پانێلی دوویەمدا شەهین بایزیدپوور، بابەتێکی لە ژێر ناوی بایکۆت وخەسارناسی نافەرمانی مەدەنی لە ئێران، باسێکی لەو بارەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ناوبراو سەرەتا باسەکەی لە روانگەی مێژووی خەباتی مەدەنی دەسپێکرد و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک نموونەی خستەبەرباس.
پاشان ئاورێکی خێرای لە مێژووی هاوچەرخی ئێران دایەوەو، بە کورتی قوناخە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئێرانی لە رووی سیاسییەوە خستەڕوو.
شەهێن بایزیدپوور بە وردی لەو بارەوە، شێوەی شکڵگرتنی چالاکی مەدەنی لە ئێران و لە کوردستان بۆ ئامادەن بووان باس کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رۆڵ و کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی شووڕاکان و کارکردی ئەوانی لە شارو گوندەکان بۆ بەشداران شی کردەوە.
لە کۆتاییدا چەند کەس لە بەشداربووان تێبینی و پرسیاری خۆیانیان پێشکەش کردو دواتر لە لایەن هەردوو بەرێزەوە وەڵامدرانەوە.