ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، سەبارەت بە نەبوونی زانیاری ئازاد و سەربەخۆ لە میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئێرانی مەحکووم کرد.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، لە ژێر ناوی “زیاتر لە ٥٥ میلیۆن دەنگدەر لەو وڵاتە بوونی هەیە، بەڵام لە بوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆ بێبەشن”، بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا، وێڕای ئاماژە بە پێشگێری له بڵاو بوونەوەی ڕاستەوخۆی ئینیستاگرام لە سەر بڕیاری دەزگای قەزایی ڕاگەیاند: لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، کەڵک وەرگرتن لەم نەرمە ئامێرە بە تایبەت لەلایەن کاربەرانی ئینترنێتیەوە زۆرتر بووتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیە هەروەها ئاماژە بە قسەکانی دادستانی گشتی ئێران لەهەمبەر داخستنی پەیوەندی گرتن دەنگی لە تێلیگرام ” کە تەواوی دەزگا ئیتلاعاتیی، ئەمنیەتی و ئینتزامییەکان ڕایانگەندوە، ئەو سیستمە بە هۆکارگەڵێک پێچەوانەی ئەمنیەتی ئێرانە.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە به کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان لە ئێران کردوە کە بوونەتە قوربانی شەڕی باڵەکانی ناو ئەو سیستمە و گەیاندنی زانیاری ئازاد بە مافی هاووڵاتییان زانییووە کە لە ئێران بە بوونی ٢٨ ڕۆژنامەنووس زیندانی، بووتە یەکێک لە گەورترین زیندانەکان بۆ ڕۆژنامە نووسان لە ئاستی جیهاندا.