پێش نیوەرۆی ئەمرۆ هەینی ڕێکەوتی ٠٥ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧ تێکۆشەری ریزەکانی دێموکرات حوسێن محەممەدیان ناسراو بە حوسێن گۆمانی لە تەمەنی ٦٩ ساڵی دا بە هۆی ڕاوەستانی کوت و پڕی دڵەوە لە شاری لینشۆپینگ کۆچی دوایی کرد.
حوسێن گۆمانی لە هەرەتی لاوەتی دا وێڕای لاوانی ئەو دەڤەرە ئاشنا بە کاری هەروەزی بووە و لە راپەرینی گەلانی ئێرانیش دا کەسێکی بەرچاو و دیار بووە و لە زۆربەی خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئەو ناوچەیە بەشداری کردووە و دواتریش وەک مرۆڤێکی بە هەست و شۆڕشگێر لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی خۆیان لە ریزی حیزبی دێموکرات دا ناونووس کردووە.
هاوڕێ حوسێن مرۆڤێکی هەڵسوور و جێگای باوەری خەڵک و تێکۆشەرانی نێوخۆ و دەروەی وڵات بوو و ماڵەکەیان و موچە و مەزرایان هەمیشە جێگای حاوانەوە و حەسانەوەی پێشمەرگەکانی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی بووە و دواتریش لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی دیکەی ئەم گوندە ڕۆڵێکی گرینگیان لە شۆڕش لەو ناوچەیەدا گێراوە.
کاک حوسێن ساڵی ١٣٦٥ ی هەتاوی ڕاستەوخۆ خۆی بە کۆمیتە شارستانی ڕەبەت لە بنکەکانی مارەدوێی حیزبی دێموکرات ناساند و تا دوایین کاتەکانی ژیانی هەروا وەفادار بە ڕیبازی دێموکرات مایەوە.
ناوبراو دواتر بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی خۆی بدا ڕووی لە هەنداران و تاراوگە کرد و لە شاری لیبنشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ بوو، ئەو لە هەموو بوارەکانی ژیانی دا یارو یاوەری دۆست و هاورێ و خزم و کەسوکار و کوردەکانی نیشتەجێی لە شاری لینشۆپینگ بوو.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە هەموو کەسوکارو بنەماڵەی ئەو ئازیزە دەکاو، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.