بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی شاروێرانی مەهابادەوە، دوێنێ پێنجشەممە، چاردەی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦ ی هەتاوی، کاک قادری ئیسماعیلی، ناسراو بە مەلاقادر، کەسایەتیی خۆشناو، دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، لە ماڵەکەی خۆی، لە دێی “دایماو”، کۆچی دوایی کرد.
کاک قادری ئیسماعیلی، خاوەنی زمانێکی پاراو و ڕەوان بوو، تەبعی شێعری هەبوو و زۆر جار هەستی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و سۆزی دڵی خۆی بەو شێعرانە کە دەمودەست و هونەرمەندانە دەریدەبڕین، بەیان دەکرد. ئەو بە هۆی دڵسۆزی، قسەخۆشی و هەستی هاودەردی و هاودڵی لە گەڵ هاونیشتمانانی، خۆشەویستی خەڵکی گوندی خۆیان و هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بوو. مەلاقادر پێش شۆڕشی ئێران ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات بوو دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش، ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی شاروێرانی حیزب بوو.
مەلا قادر هەر وەها برای تێکۆشەری دێرینی دیموکرات، مامۆستای شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ناسراو، عاشق ئیسماعیلی بوو.
بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانە و هەر وەها رابردووی خۆی و بنەمالەکەی لە حیزبی دیموکرات دا، مەلا قادر جێگای ڕیز و خۆشەویستیی خەڵکی دایماو و ناوچەکە بوو. هەر بۆیە مەرگی ئەو بوو بە هۆی پەژارەیەکی زۆر لە نێو خەڵک دا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مەلا قادر ئیسماعیلی سەرەخۆشی و هاودەردیی گەرمی خۆی پێشکەشی بنەمالە و کەسوکاری رەوانشاد مەلا قادر و هەموو خەڵکی دایماو و شاروێرانی سەروو دەکاو خۆی بە هاوخەمییان دەزانێ.











