لەلایەن کۆمەڵێک لە ئۆگرانی هونەرو گۆرانی ڕەسەنی کوردی، مامۆستاکانی زانکۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەرهەمەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا “حەسەن زیرەک” لە کۆڕێکی زانستی هەڵسەنگێنرا.
ڕۆژی سێ شەممە ١٢ی بانەمەڕ، زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ئێوارە کۆڕێکی زانستی بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی هونەرمەندی مەزنی کورد مامۆستا حەسەن زیرک بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییە، زانستی، فەرهەنگی و هونەرییەکان بەڕێوە برد.
لەو کۆڕەدا حوسێن محەممەد زادە، شەهرام عەلی محەممەدی، هیوا ڕەحمانی، فوئاد بەزرئەفکەن، بەهمەن حاج ئەمینی، مەنسوور بەهرام بەیگی، کامبیز کەریمی و قادر ئازمەند سەبارەت بەو هونەرمەندە وتاریان پێشکەش کرد.
یەکێک لە شارەزایانی بواری موسیقا لەو ڕێوڕەسمەدا ڕاگەیاند: ناتوانین حەسەن زیرەک وەکوو هونەرمەندێک ناو ببەین، بەڵکوو دەبێ وەکوو ئوستورەی مۆسیقای کوردستان ناوی لێ بنین.
هەروەها شەهرام عەلی محەممەدی گوتی: پاش حەسەن زیرەک ، هەرهونەرمەندێک بەو شێوەیە گۆرانی وتبێ، تەنیا لاسایی کارەکانی حەسەن زیرەکی کردوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕەدا کامبیز کەریمی شاعێر خەڵکی شاری سنە یەکێکی دیکە لەو کەسانە بوو کە هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەکی بە بەشێک لە شوناسی کورد شوبهاند و گوتی: حەسەن زیرەک نموونەیەکی تەواوی مێژووییە و ئێستا بووەتە بەشێک لە شووناسی نەتەوەیی کورد بەگشتی.
هونەرمەندی گەورەی کورد، حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٠٠ لە شاری بۆکان لە دایکبووە و ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە داوێنی ناڵەشکێنە بە خاک ئەسپێردرا.











