محه‌ممه‌د ئێبنی سه‌ڵمان، وه‌زیری به‌رگریی عه‌ره‌بستان گوتی، كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه دایه كه ده‌سبه‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی موسڵمانی جیهاندا بگرێ و هه‌ر بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته بكه‌ین.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌رانسه، محه‌ممه‌د ئێبنی سه‌ڵمان، له وتووێژێكی تلویزیۆنی‌دا گوتی، چۆن ئێمه ده‌توانین وتووێژ له‌گه‌ڵ وڵاتێك بكه‌ین كه ئیدئۆلۆژیی توندڕه‌وانه‌ی هه‌یه و له هه‌وڵی ئه‌وه دایه كه هه‌موو وڵاتانی موسڵمانی جیهان بكا به شیعه و هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه بواری بۆ هاتنه‌وه‌ی ئیمامی مێهدی له‌بار ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و ئیمامه‌ن.
پێوه‌ندیی ئێران و عه‌ره‌بستان به‌دوای ده‌سپێكی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ره‌و گرژی ڕۆیشت و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوا.
عه‌ره‌بستان و وڵاتانی ئه‌ندامی شواری هاوكاریی كه‌نداو، كۆماری ئیسلامی به ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و وڵاته له كاروباری ناوچه تاوانبار ده‌كه‌ن و كۆماری ئیسلامیش هه‌موو جارێ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها ناوبراو ده‌ڵێ، ئامانجی سه‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامیی ئێران زیانگه‌یاندن به عه‌ره‌بستانه و بۆیه هه‌ر چه‌شنه وتووێژێك له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ڕه‌د ده‌كه‌ینه‌وه.
محه‌ممه‌د ئێبنی سه‌ڵمان له درێژه‌دا گوتی، كۆماری ئیسلامی هیچ كات له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان ڕوو ڕاست نه‌بووه و هه‌موو قسه و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و وڵاته له هه‌مبه‌ر ریاز به شتێكی پێكه‌نیناوی ده‌زانم.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا محه‌ممه‌دجه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، ئێمه هیچ كات نێونجێگریی وڵاتانمان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی ئه‌و دوو وڵاته ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه و دژیشی ناوه‌ستینه‌وه و ئێمه نامانهه‌وێ دوژمنایه‌تیی عه‌ره بستان بكه‌ین.
ناوبراو ده‌ڵێ ئێمه له شه‌ڕ و ئاژاوه ناگه‌ڕێین و ئه‌وه‌ی كه پێویست بووه كردومانه، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی عه‌ره‌بستان ده‌بێ بیر و هزری خۆیان بگۆڕن.