لە سەروبەندی ١٢هەمین خۆلی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەدێری و کونتڕۆڵی دنیای مەجازیان بەرز کردۆتەوە.
چەند ڕۆژ لەوەپێش، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد و کچی ئەو بنەمالەیەیان لەگەڵ خۆیان برد.
بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات ڕاگەیاندووە کە بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە قەدەغەیە، و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو کچەشیان بۆ چالاکیی ناوبراو لە دنیای مەجازی گەڕاندەوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، شوناسی ئەو کچە کوردە سارا کەمانگەرە و خەڵکی شاری سنەیە و پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئامادەکرانی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا دەسبەسەرکراون کە ١١٩ کەسیان حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە