فەرماندەیەکی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، وڵاتەکەمان لە ناردنی ڕاوێژکاری نیزامی بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی بەشار ئەسەد بەردەوام دەبێ.
لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاوێژکاری نیزامی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەنێرێ، بەڵام لەسەرەتاوە بە ئاشکرا ڕاینەگەیاندبوو ئەرکیان چیە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی ڕێژەی کوژراوانی ئێران لە سووریە زیادی نەکردبوو، کاربەدەستانی ڕێژیم بەئاشکرا باسیان لێوە نەدەکرد.
هەواڵدەریی حکومەتیی فارس لەزاری سەرکردەی نیزامیی ئێران بە ناوی محمد پاکپورەوە بڵاویکردەوە ” ڕاوێژکارییەکە تەنها بۆ نەخشەکێشان نیە بەڵکوو بۆ تەکنیک و تاکتیکیشە.” هەروەها گوتیشی ،” بۆیە دەبێ ڕاوێژکارانی ئێمە لە بەرەکانی شەڕدا ئامادە بن. ناوبراو لە حاڵێکدا ئە قسانە دەکا کە هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕەسمی لە بەرەکانی شەڕدان ، بەردەوام کوژراوەکانیان بۆ ئێران دەنێرنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ، تا ئەو کاتەی سووریە پێویستیی پێمان بێ، لەو وڵاتە دەمێنینەوە ، هاوکاری بەشار ئەسەد دەکەین.
شایانی باسە کاربەدەستێکی ئێران ساڵی پێشوو ڕایگەیاند، جگە لە ئەفغانی و پاکستانییەکانی نێو سپای ئێران، زیاتر لە ١٠٠٠ ئێرانی لە شەڕی ناوخۆی سوریادا کوژراون، لەو کوژراوانەشدا فەرماندەی باڵای نیزامیی ئێرانیشیان تێدابووە.