بە پێی ڕاپۆرتی چاونیوز ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ( لە بانەمەڕی ١٣٨٥ ڕا هەتا بانەمەڕی ١٣٨٦) هەر نەبێ ١٩٠٠ کرێکار لە ئێران لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەست داوە.
مردنی ئەو ١٩٠٠ کرێکارە بەهۆی ڕووداوی کار لە سۆنگەی نەبوونی ڕێوشوێنەکانی پاراستن لە شوێنی کارکردنیان بووەو هەر لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا ٢٣٩٧کرێکاریش بریندارو نقوستان بوون.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەرچی دەوڵەتی ئێران ئامادە نییە بە ڕەسمی باس لە هیڵی هەژاری لەو وڵاتەدا بکا، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن هێڵی هەژاری لە ئێران کەمتر لە ٢ میلیۆنو ٧٠٠ هەزار تمەن نییە؛ ئەویش لە حاڵێک دایە کە لانیکەمی مووچەو حەقدەستی کرێکاران لە ئێران بۆ ساڵی ١٣٩٦ بڕی ٩٣٠ هەزار تمەن بووە.
هەروەها بە بەراوردکردنی ساڵەکانی ٩٤ لەگەڵ ٩٥دا، ئەو مانگانەی لەواندا کرێکاران موچەو حەقدەستەکانیان وەرنەگرتوە چەند بەرامبەر بووە. لەو ماوەیەدا ٨٧١٦٩ کرێکار زیاتر لە ١٢٠٠ مانگ مووچەی دواکەوتوویان وەک قەرز لەسەر خاوەنکارەکانیانە کە زیاتر لە ٩ هیندەی ساڵی ڕابردوو زیادی کردوە.
هەر لە ماوەی ساڵی رابردوودا ئەوەندەی زاندراوە ٤٠٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاران گیراوە کە هەندێک لەوان وەک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاران کەشتو سەنعەتی مەهاباد زیاتر لە ٣٨ ڕۆژی خایاندوە.
نەبوونی ئەمنیەتی شوغلی بەهۆی گرێبەستە کاتییەکانی کار، نەبوونی ئیزنی پێکهێنانی سەندیکای کرێکاریی سەربەخۆ، داخرانی یەک لە دوای یەکی کارگەو کارخانەکانو بێکاربوونی ڕۆژانەو بەردەوامیی کرێکاران، نەبوونی ئەمنیەتو ڕێوشوێنەکانی پاراستنی گیانی کرێکاران لە شوێنی کار، نەبوونی مافی بیمەی کۆمەڵایەتیی گونجاو، پێنەدانی مووچەو حەقدەستی کرێکاران لە کاتی خۆیداو هەڵاواردنو فەڕقو جیاوازیخستن لە نێوان کرێکارانو کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت لە پێدانی جێژنانەدا، هەروەها زۆربوونی کرێکارە ناڕەسمییەکان بێ ئەوەی بەشیان بە هیچ مافێکی قانوونیی خۆیان هەبێ؛ تەنیا بەشێک لە کێشەی کرێکارانو هۆی ناڕزایەتییەکانی ئەوان لە ساڵی ڕابردوودا بووە.











