عومه‌ر فه‌رهه‌نگ، به‌ندكراوی سیاسیی كورد له زیندانی ئه‌رده‌بیل بۆ قه‌ره‌نتینه گواسترایه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، عومه‌ر فه‌رهه‌نگ، به‌ندكراوی سیاسیی كوردی خه‌ڵكی ورمێ له زیندانی ئه‌رده‌بیل كه ماوه‌ی 2 حه‌وتوو ده‌بێ مانی له خواردن گرتووه بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندكراوانی ڕه‌وانی گواسترایه‌وه.
داواكارییه‌كانی ناوبراو كه چه‌ندین نه‌خۆشیی هه‌یه، ناردنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه‌یه و پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ریی هه‌یه و گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندانی شاره‌كه‌ی واته به‌ندیخانه‌ی ورمێیه. كاربه‌ده‌ستانی زیندان له پێدانی په‌تۆ و كه‌لوپه‌له كه‌سۆكییه‌كانی له كاتی گواستنه‌وه‌ی بۆ قه‌ره‌نتینه خۆیان بواردوه.
عومه‌ر فه‌رهه‌نگ ساڵی ١٣٥١ له شاری ورمێ له دایك بوو و خاوه‌نی ژن و باوكی دوو منداڵه.
ناوبراو هه‌ر ئێستا له به‌ره‌به‌ری ١٦مین ڕۆژی مانگرتنی دایه و هه‌روه‌ها ماوه‌ی ٩ ساڵه له زیندان دایه و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له مافی پێڕاگه‌یشتنی پزیشكی بێبه‌شه. عومه‌ر له ڕۆژی ٢٧ خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ ده‌ستی به مانگرتنی كردوه. ئه‌و به‌ندكراوه سیاسییه كورده به‌هۆی فشاره‌كانی زیندان و نه‌خواردنی باش و هه‌روه‌ها نه‌بوونی پاكه‌وخاوێنیی زیندان تووشی نه‌خۆشی قارچ و ڕیخۆڵه‌كان هاتووه.
عومه‌ر فه‌رهه‌نگ له ساڵی ١٣٨٧ له شاری ورمێ ده‌سبه‌سه‌ر و پاشان له دادگای شۆڕش له‌و شاره به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی یه‌كێك له حیزبه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی كۆماری ئیسلامی حوكمی ١٠ ساڵ زیندان و دوورخراوه‌یی بۆ زیندانی ئه‌رده‌بیلی بۆ بڕایه‌وه.











