شیرین عیبادی، براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل، كارنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی به‌ربژێره‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری به باش نازانێ و ڕه‌تیان ده‌كاته‌وه و گوتی، شورای نیگابان خه‌ڵكی ئێرانی له‌سه‌ر دووڕێیانی هه‌ڵبژاردنی خراپ و خراپتر داناوه.” به‌ڵام ڕێگه‌ی سێهه‌میش هه‌یه ئه‌ویش ده‌نگ نه‌دانه.
ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو له وتووێژێندا به كه‌مپه‌ینی نێوده‌وڵه‌تیی مافی مرۆڤی گوت، به جیاجیا كارنامه‌ی مافی مرۆڤی هه‌موو به‌ربژێره‌كانی شورای نیگابانم تاوتوێ كردوه هیچیان باش نین. بۆ نموونه ئیبراهیم ڕه‌ئیسی له ساڵی ٦٧ ده‌ستی له ده‌سبه‌سه‌ركران و ئێعدامكردنی ڕه‌خنه‌گرانی كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌بووه و هه‌روه‌ها به توندی ڕه‌خنه‌ی له كار و كرده‌وه‌كانی حه‌سه‌ن ڕۆحانیش گرت.
هه‌روه‌ها گوتی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی كارنامه‌ی ڕه‌شی له بواری مافی مرۆڤدا هه‌یه. ده‌ستێوه‌ردانی ناوبراو له كوشتاره‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ حاشاهه‌ڵنه‌گره و به‌بێ دادگاییكردن لاوانی وڵاته‌كه‌یان ئێعدام ده‌كرد هه‌ر وه‌ك ئایه‌توڵڵا مونته‌زێری له شریتێكدا ناوی ڕه‌ئیسیش دێنێ و ده‌ڵێ ده‌ستی له كوشتاری خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یدا هه‌بووه.
مونته‌زێری له درێژه‌ی شریته‌كه‌دا ده‌لێ جه‌نابی ڕه‌ئیسی یه‌كێك له هەیئه‌تی ٤ كه‌سیی به‌ڕێوه‌به‌ریی جێبه‌جێكردنی ئێعدامه‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ بووه و جێگری دادستانی ئه‌و كاتی تاران بووه.
شیرین عیبادی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه به كرده‌وه‌كانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی ده‌كا و ده‌ڵێ، “به‌داخه‌وه كارنامه‌ی مافی مرۆڤی ڕۆحانیش و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه كه شورای نیگابان به شیاویان ده‌زانێ باش نییه و من قه‌بووڵم نین… وه‌زاره‌تی ئیتلاعات كه ژێركۆمای ده‌وڵه‌تی ڕۆحانییه ده‌ستی له ده‌سبه‌سه‌ركران و زیندانی كردنی ڕۆژنامه‌وانان و چالاكانی مه‌ده‌نیدا هه‌بووه و ڕۆحانی ناتوانێ حاشای لێ‌بكا و بڵێ كاری ده‌زگای قه‌زایی بووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌موو ئه‌و په‌روه‌ندانه وه‌زاره‌تی ئیتلاعات شكایه‌تی لێكردون و ئێستا له زیندانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و بۆخۆشی خۆی بۆ سه‌ركۆماریی دووباره ده‌پاڵێوێته‌وه.”
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باس له مسته‌فا میر سه‌لیم ده‌كا و ده‌ڵێ، له ساڵه‌كانی 72 بۆ 76 وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی بوو و ناوبراو به جه‌لادی كتێب و بڵاوكراوه‌كان ده‌زانێ و هه‌روه‌ها قالیبافی به پێدانی مڵك و ماڵ به كه‌سانی تایبه‌ت و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌كانی خۆی تاوانبار كرد له‌و كاته‌دا كه ناوبراو شاره‌داری تاران بووه.
شیرین عیبادی له كۆتاییدا ڕه‌خنه‌ی له شورای نیگابان گرت و گوتی، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شیاوییان پێدراوه په‌روه‌نده یان كارنامه‌یه‌كی باشیان نییه و به پێچه‌وانه‌ی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی ئێران و به‌ڵێنییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانی و هه‌موویان مافه‌كانی مرۆڤیان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پێشێل كردوه و شایانی هه‌ڵبژاردن نین.











