بە گوێرەی هەواڵێک کە لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوە بە ناوەندی هەواڵی کوردستانوکورد گەیشتوە، ناسر ڕەحمانی ناسراو بە ناسر کرمانج ئەندامی لە مێژینە و دڵسۆزی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دوێنێ یەکشەمە ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦، ٣٠ی مانگی ئاپریلی٢٠١٧، لە تەمەنی ٥٦ساڵی دا لە مەهاباد بە هۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.
ناسر ڕەحمانی لە دەیەی حەفتای هەتاوی هاتە ڕیزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات. بەو هۆیەوە کە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و بە بیرو باوەڕ بوو، هەر وەها هەموو توانای خۆی بۆ جێبەجیکردنی ئەرکی پێ سپێردراوی حیزبی تەرخان دەکرد، بوو بە هاوکارێکی بە نرخی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب لە مەهاباد. یەکێک لە ئەرکەکانی ناسر، پێوەندیی نیوان بەرپرسانی تەشکیلاتی نهێنی لە مەهاباد لە گەڵ ڕێبەریی حیزبی دیموکرات بوو. کاک ناسر جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکی پێ سپێردراوی تەشکیلاتی و حیزبی، وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و وەک کەسێکی کۆمەڵایەتی و بە فەرهەنگ، ڕووبەڕووی ئەرکە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دەبۆوە. هەر بۆیە هەر هاوکاری و کارهاسانییەکی لە دەستی هاتبا لە ئاست بنەماڵەی شەهیدان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، درێغی نەدەکرد. ئەو ئینسانە دڵسۆزە ، بە هۆی جۆری کارەکەی کە هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و ولاتانی ئورووپا بوو، لە گەڵ ژمارەیەکی زۆرلە چالاکان و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندیی دابوو و زۆر لە پەیام و راسپاردەکانی ئەوانی بە یەکتر دەگەیاند.
حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کۆچی دوایی کاک ناسر ڕەحمانی، ئەندامێکی دڵسۆز و ماندوویی نەناس و ڕۆڵەیەکی موخلیس ووەفاداری خۆی لە دەست دا. کۆمیسیۆنی تەشکیلات بە بۆنەی مەرگی ناوەختی کاک ناسر ڕەحمانی، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالە بەڕێزەکەی و تێکڕای کەسوکار و خۆشەویستانی دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. یادی کاک ناسر بەڕیز و، ئامانجەکانی بەرقەرار بێ.











