شەش ڕێکخراوی کوردستانی دوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک هاوبەش بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، بە هاودەنگی وهاوهەڵوێستییەوە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری وشووڕای شاروگوندەکانی ئێران، کە لە٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێ بایکۆت کردو، داوایان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کردوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی نەکەن.
رۆژی ٧ی بانەمەڕ کە هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی بانگەشەی بەربژێرانی سەرۆککۆماری وشووڕای شارەکان لە شاروناوچەجیاجیاکانی ئێران، شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی لە بنکەی سەرەکیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران )، بە هاودەنگییەوە لەهەمبەر بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی شەش قۆڵی ، لەوبارەوە هەڵوێستیان گرت.
لە بەیاننەمە هاوبەش لە نێوان ٦ لایەنی سیاسی رووبەخەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە؛مادام هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ پێورێکی دێموکراتیک وئەورۆیی ناتواندرێت ناوی هەڵبژاردنی لەسەر بێ، ئەم بەناو هەڵبژاردنە بە واتای بێمافکردنی خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیانە و ، یەکێک لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە درێژەی ئەو بەیانەمەیەدا لەسەرجەم چالاکانی سیاسی ومەدەنی وچین وتوێژەکانی کوردستان داوا کراوە کە بەدەم ئەو بانگەوازە بێن و ریزەکانی ئەو کۆدەنگییە بەهێزتر بکەن.