لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران و شووڕای شارو گوندەکان، ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بە بەراورد لە گەڵ خولەکانی دیکە کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان ساردوسڕ ترە و، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نائومێدی خەڵکی ئێران لە توانا و لێهاتوویی سەرۆککۆمارەکان.
رۆژنامەکان و بڵاوکراوەکانی ئێران هەرکام لە روانگەیەکەوە بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی ئێران، وادەو بەڵێنی بەربژێرانی سەرۆک کۆماری ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانیان خستووتە بەر رەخنەوە.
بە شێک لە رۆژنامەکان بە وریاکردنەوەی حاکمیەت باسیان لە ناوئومێدی خەڵکی ئێران کردووە، لە کردەوەی سەرۆککۆمارەکان و، وەدی نەهاتنی وادەو بەڵێنیەکانیان.
رۆژنامەی ئارمان بە دان پێدانان بە هەبوونی دۆخێکی دژواری ئابووریی وسیاسی و بۆشایی نێوان باڵەکانی رێژیم، لە بابەتێکدا داوای کردوە کە هیچ کام لە کاندیداکانی سەرۆک کۆماری هەوڵی رووشاندنی یەکتر نەدەن ، مەبەست لەمەش پێشگرتن لە دووپاتبوونەوەی رووداوەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئاکام سەرەکیی رووداوەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی شکاندنی هیبەتی وەڵایەت فەقیهـ بوو.
رۆژنامەی سیاسەت ، بە وەبیرهێنانەوەی ئاکامی “مناظرە”کانی بەربژێرانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٨٨ ی هەتاوی کە بوو بە هۆی لە قاودانی کەمکاری بەرپرسان و خستنەرووی گەندەڵیی کاربەدەستانی رێژیم، لەو بارەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و لە بابەتێکدا باس لەوە دەکا ،لە ئەگەری دووپاتبوونەوەی ململانێی تلویزێونی بەربژێران لەسەر رێژەی بەشداریی کردنی خەڵک لە دەنگدان کاریگەری مەنفی وخراپی دادەنێ.
کۆی بابەت و باسەکانی بەشێکی زۆر لە رۆژنامەکانی ئێران باس لە مەترسێک بەناوی نائومێدبوونی خەڵکی ئێران لە توانایی و لێهاتوویی سەرۆککۆمارەکان و جێبەجێ نەبوونی وادە وبەڵێنیەکان دەکەن و، لەو پێوەندییەشدا روژنامەی “وطن” سەربە باڵی خامنەیی بە تەوسەوە باسی لەوە کردوە کە گویا حەسەن روحانی دیسانەکە وادەی چارەسەری کێشەی ئابووریی ئێرانی داوە لە ماوەی ١٠٠ رۆژی دیکەدا، لە کاتێکدا لە ٤ساڵ نەیتوانی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکا و سێ مانگ پێش ئێستاش ئەو دەرفەتەی هەبوو.
شایانی باسە لەسەر بەڕێوەچوون یان نەچوونی “مناظرە”ی نێوان بەربژێران ڕاو بۆچوونی جیاواز هەیە و، بانگەشە هەڵبژاردنەکان بە پێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران ، لە رۆژی ٧ی بانەمەڕ تا ٢٨ بانەمەڕ ڕێگەپێدراوە.