بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شاری شنۆ کەسێک برینداربوو.
ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی بە ناوی “مەولوود عەزیزی” کوڕی “محەممەد” خەڵکی گوندی “بێمزەڕتە” سەربە شاری شنۆ، بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی چیای تاڵەجاڕ لاقێکی پەڕی.
مەولوود عەزیزی، کە بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیا و ڕووەکی سروشتی ڕووی لەو شاخانە کردبوو تووشی ئەو ڕووداوە دەبێ و بە هۆی سەختیی برینەکەی بۆ ناوندی دەرمانیی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
هەروەها، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، “حەسەن مام ڕەسووڵی”، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی گوندی”مەزرا” سەربە شاری سەردەشت، کە بە هۆی تەقینەوەی مینێ چێندراوی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو، چاوێکی لەدەست دا.
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاوبووەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر لە سنووری هاوبەشی دوو وڵات بە مین چێندراوە کە ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو مینانە پووچەڵ نەکراونەتەوە
پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین لەو زەوییانەدا بەچێندراوی ماونەتەوە.
شایانی باسە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ٥٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کە لەو ڕێژەیە ٩ کەسیان منداڵ بوون.