پاش تێپەڕینی نزیكەی حەوتوویەك بەسەر بوومەلەرزەکهی نیپاڵدا، كاربەدەستانی ئەم وڵاتە دهڵێن تەرمی زیاتر لە ٦٢٠٠ كەسیان لە بن دارو پەردووی ڕووخاوهکاندا دەرکێشاوهته دهرێ.
لە نوێترین ئاماردا دهوڵهتی نیپاڵ بڵاوی کردۆتهوه، ژمارهی كوژراوانی ئهو کارهساته ٦٢٠٤ كەسو بریندارانی ئەم ڕووداوەش نزیكەی١٤ هەزار كەس ڕاگەیەندراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا خاچی سووری جیهانی دهڵێ دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەم بوومەلەرزەوە نزیك بە تەواوی شارو ئاواییەكانی دەورووبەری پێتەخت كاول بوونو ئەم كەسانەش كە بە سڵامەتی ڕزگاریان بووە لە بارودۆخێكی زۆر دڵتەزێن دانو هیچ زانیارییەكیش لە بابەت چارەنووسی هەزاران كەسی كوێستاننشین لە بەر دەستدا نییە.
دەوڵەتی نیپاڵ دهڵێ لەوانەیە ژمارهی كوژراوانی ئەم بوومەلەرزەیە لە ١٠ هەزار كەسیش زیاتر بێ.
وەزیری ئابووریی ئەم وڵاتەش دهڵێ نیپاڵ بۆ نوێژەنكردنەوەی خانووبەرە، نەخۆشخانە و ئیدارە دەوڵەتییە داڕماوهكانو هەروەها بۆ چاككردنەوەی میراتی فەرهەنگیی کاولبووی هیچ نەبێ پێویستی بە 2 میلیارد دۆلاره.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندوه بههۆی ئهم بوومەلەرزەیە نزیكەی ٨ میلیۆن كەس زیانیان بەر كەوتووەو لانیكەم ٢ میلیۆن كەسی دیكەش تا ٣ مانگی داهاتوو پێویستییان بە سەرپەنا، ئاو، خواردەمەنی و داوودەرمان دهبێ.