چالاکان و خەمخۆرانی زمان و ئەدەبی کوردیی ناوچەی بانە لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیاندا خولێکی دیکەی فێرکردنی رێنووسی کوردییان بۆ بەشێک لە هۆگرانی زمانی دایک، لە ناوچەی بانە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد.
بە پێی هەواڵی بڵاوکراو شەوی ٤ لەسەر ٥ی بانەمەڕی ٩٦ی هەتاوی بە هەوڵ وماندووبوونی ئەنجومەنی ئەدەبیی هاژەی کۆخان، تاقیکاریی خولێکی دیکە لە پۆلەکانی زمانی کوردی لە ئاوایی “ئەنجێنەی مەڵاساڵە” سەربە ناوچەی کێوی بڵووی شاری بانە بۆ ٧٢کەس لە بەشداربووان بەڕێوەچوو.
خاڵی بەرچاوی پۆلەکانی زمانی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەوەیە کە هەموو چین وتوێژیک تێیدا بەشداری دەکەن و بە پێی زانیارییەکان یەکێک لە بەشداربووانی ئەو خولە فێرکارییە مامۆستای ئاوایی، بە ناوی مامۆستا جەلال ئەحمەدی بووە، کە هەروئەش لاوان و مێرمنداڵانی هانداوە کە لەو خولە بەشداریی بکەن و نیشان لەوەیە کە ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بەهەست وسۆزی زیاترەوە سەیری پرسە نەتەوەییەکان بکەن بێ گومان کاریگەریی زیاتریان لەسەر کۆمەڵگا دەبێ.
شیاوی باسە لە درێژەی ئەو ڕیورەسمەدا کۆمەلێک چالاکیی هونەری وفەرهەنگی وەکوو کردنەوەی کتێبخانەی کوردی و پێشکەش کردنی وتار وبابەتی ئەدەبی و نواندنی چەند تابلۆ لە مووسیقی کوردیش بەڕێوەچوو.