بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەڵاحەدین ئەیووبی و یەکێک لە مامۆستایانی پێشنوێژی مەزهەبی سوننی لە شاری ورمێ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی شاری تەورێز ئازاد کرا.
رۆژی ڕابردوو، مامۆستا ڕەزا عەبدی یەکێک لە مامۆستا ئایینەکانی کورد سوننی مەزهەبی شاری ورمێ بە دانی بارمتە لە زیندانی تەورێز ئازاد کرا.
ئەو مامۆستا ئایینە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگکردنی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی شاری تەورێز، دەستبەسەركرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوسترایەوە.
دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنە یان بە شێوەیەک دژبەری ڕێژیم دەبنەوە.
مامۆستا ڕەزا عەبدی ، مامۆستای ئایینی کورد لە کاتی ئازادکرانی و گەڕانەوەی بۆ شاری ورمێ لەلایەن خەڵکەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
پێشتر ئەو مامۆستا كوردە بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری ورمێ و هەروەها پێشنوێژی مزگەوتی قودسی سوننی مەزهەبەکانی ئەو شارە بووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەكی نزیک بەو مامۆستایە، نوێنەری وەلی فەقیه لە پارێزگای ورمێ لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ هۆکاری سەرەکیی دەسبەسەرکرانی ناوبراو بوون.