کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی دروستکردن و وەڕێخستنی زیندانێکی نوێ لە شاری شائاباد سەربە پارێزگای کرماشانن.
بەڕێوەبەری گشتی بەندیخانەکانی پارێزگای کرماشان، دروستکردنی زیندانێکی نوێی لە شاری شائاباد بە پێویست زانی.
مەنسوور بیگلەری بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای کرماشان ڕاگەیاند: “ئەگەری بودجەی پێویست تەرخان بکرێ ، زیندانێکی نوێ لە شاری شائاباد دروست دەکەین بەچەشنێک کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئامادەی کەڵک وەرگرتن بێ.”
هەواڵدەریی مێهر ڕایگەیاند، بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلاندانی شاری کرماشان، پشتیوانی خۆی لە ڕاستای تەواوکردنی پڕۆژەی زیندانی نوێی شائاباد و دانی بودجەی پێویست بە ئەو پرۆژەیە ڕاگەیاند.
سازکردنی زیندانی نوێ لە شائاباد لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان بارودۆخی زیندانەکانی ئێران بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان زۆر خراپە و لە باری سیستمی گۆڕینی هەوا و پێداویستییەکان بۆ زیندانییەکان و پیداویستییە درمانییەکان لە دۆخێکی نەشیاودان بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەم کێشانە نەدراوە.
شایانی باسە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی زیندان بودجەیان هەیە بەڵام بۆ دروستکردنی قوتابخانە یان نەخۆشخانە و پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری بودجەیان نییە و لەلایەکی دیکەش کاربەدەستانی پێوەندیدار دەڵێن، زیندانەکانمان چووکە و جێی بەندکراوان نابێتەوە بۆ ناڵێن بەندکراوەکانمان زۆرن؟!