دەفتەری تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ، دوو زیندانی بانگ کرد و هەرەشەی لێکردن.
چەند ڕۆژ لەوەپێش دوو بەندکراو بە ناوەکانی جەواد ئەحمەدی لە بەندی ١٣ و تورەج ئیسماعیلی لە بەندی ١٤ لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی زیندانەوە، بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانیان، لەلایەن دەفتەری تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کران و هەڕەشەیان لێکرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بەندکراوانە ڕاگەیاند: ئەو دوو زیندانییە، پاش ئاگادار بوون لە نەبوونی پارێزەرەکەیان خۆیان لە چوون بۆ ئەو دەفتەرە بواردووە و لەگەڵ لێدانی مەئمووران بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بانگکران و هەڕەشەلێکردن لەو دوو زیندانییە بە بیانووی ئەوە بووە کە لە نێو بەندی زینداندا دروشیمان دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوە.
بەرپرسانی ناوەندی ئەمنیەتیی وێڕای هەڕەشە کردن لەو دوو زیندانییە بە سازکردنی پەروەندە بۆیان و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی شارەکانی دیکەی ئێران، گوشاریان هێناوە بۆ ئەو دوو زیندانییە کە دەبێ لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات هاوکاری بکەن.
جەواد ئەحمەدی خەڵکی شاری ورمێیە و ماوەی سێ ساڵە لە زیندان دایە و هەروەها تورج ئیسماعیلی زیندانی سیاسی کورد خەڵکی شاری ورمێ لە مانگی خەزەڵوەری ٩٤ی هەتاوی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی” بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا تۆری مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی پێنج شەممە “یووسف کاکە مەمی” زیندانی سیاسی کورد، بە شێوەی نایاسایی بۆ زیندانی شاری تەورێز دوور خراوەتەوە.