پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی ٢٠ ی ئاوریلی ٢٠١٧ دوکتور مه‌حمود عوسمان که‌سایه‌تیی سیاسیی ناودار و به‌ڕابردووی کورد سه‌ردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و له‌لایه‌ن سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه پێشوازیی لێ کرا.
به‌مه‌به‌ستی نوێ کردنه‌وه‌ی دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به پرس و بابه‌ته سیاسییه‌كانی رۆژ، به‌ڕێز د. مه‌حمود عوسمان که‌سایه‌تیی سیاسیی کورد له باشووری کوردستان سه‌ردانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و له‌لایه‌ن هاوڕێ مسته‌فا مه‌ولودی سکرتێری گشتیی حیزب و چه‌ند که‌س له که‌سایه‌تی و ئه‌ندامانی رێبه‌ریی حیزبه‌وه به گه‌رمی پێشوازیی لێ کرا.
له‌و دیداره دۆستانه‌یه‌دا، سه‌ره‌تا دوکتور مه‌حمود عوسمان پیرۆزبایی خۆی سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تیی سکرتێری به کاک مسته‌فا مه‌ولودی راگه‌یاند و هیوای خواست که ناوبراو له ئه‌رکی نوێی دا سه‌رکه‌وتوو بێ. ئینجا هاوڕێ مسته‌فا مه‌ولودی و هاوڕێیانی وێڕای به‌خێرهێنانی د. مه‌حمود عوسمان سوپاس و ئه‌مه‌گناسیی خۆیان سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی برایانه و هاوپێوه‌ندیی ناوبراو له‌گه‌ڵ کوردی رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و حیزبی دێموکڕات به‌تایبه‌تی ده‌ربڕیه‌وه.
دواتر هه‌ردوو لا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرسی پێوه‌ندیدار به ئێستا و ئایندهی باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییدا، بارودۆخی گشتیی ناوچه و ئێران و بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.