پێشنیوەڕۆی رۆژی ٢ی بانەمەڕ بە بۆنەی ١١٩هەمین ساڵرۆژی رۆژنامەگەری کوردی سیمینارێک لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەو سیمینارە لە سێ پانێلی جیاجیا کە بۆ هاوڕێیان قادر وریا، ئاسۆ حەسەنزادە و مەنسوور مروەتی پێکهاتبوو کۆمەڵێک باسی پێوەندیدار بە رۆژنامەگەری کوردی و بەتایبەتی رۆژنامەی کوردستان باس و شرۆڤەی لەسەر کرا.
لە پانێلی یەکەم دا قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک،بە باس کردن لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی لە دەسپێکەوە تا ئێستا کۆمەڵێک خاڵی جێگای سەرنجی سەبارەت بە رۆژنامەگەری کوردی و بە ئاوردانەوەیەک لە کۆی بڵاوکراوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ، بە تایبەتی رۆژنامەی کوردستان بەرهەمی کۆماری کوردستان خستە بەرباس و لایەنە جۆراجۆرەکانی بۆ بەشداربووان شی کردەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر گرینگی وچۆنیەتی دەرچوون وبەردەوامبوونی رۆژنامەی کوردستان کە لە چەند رەهەندەوە خزمەتی بە رۆژنامەگەری کوردی کردوە و لە بردنە سەری ئاستی وشیاری کۆمەڵگەو بایەخ دان بە پرسی نەتەوەیی و پرسی ئازادیخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەخش و کاریگەریی بەرچاو و ئەرێنی هەبووە.
قادر وریا لە درێژەی باسەکەیدا وتی، بڵاوکراوەکانی حیزبی دیموکرات لە سەردەمی کۆمارەوە بەتایبەتی دوای شۆرشی گەلانی ئێران لەسەر پێگەیاندن و ڕاهێنانی بەشێکی زۆر لە کادرو پێشمەرگەکان لە بواری ڕاگەیاندندا، دەوری هەبوو.
لە قوناخێکی دیکەی کە هاوکاتە لەگەڵ هاتنە ئارای ئینیڕنیت کە ئاراستەیەکی نوێ بە بڵاکراوەکانی حیزبی بەخشیوە ، ڕاگەیاندنی حیزب دیموکرات هەوڵی داوە بە باشی لە ئەم قوناخەش کەڵک وەربگرێ.
ناوبراو لەو پێوەندییەدا گوتی، حیزبی دیموکراتی کوردستان هەوڵی داوە سەرەڕای کۆسپ و گرفتەکان درێژە بە دەرکردن و بڵاوکردنی چاپکراوەکانی خۆی بدا و سەرەڕای بێ ئیمکاناتی وهەلومەرجی ژیانی سیاسیی حیزب، گرینگی تایبەتی بە بەشی راگەیاندن وچاپەمەنی کوردی داوە.
لە پانێلی دووهەمدا ئاسۆحەسەنزادە جێگری سکرتیری گشتیی حدک، باسێکی سەبارەت بە بیبلیۆگرافیی سیاسیی رۆژنامەی کوردستان پێشکەش کرد.
بەڕێزیان سەرەتا وێڕای پیرۆزبایی کردنی ساڵرۆژی رۆژنامەگەری کوردی لەسەجەرم قەڵەمبەدەستان وچالاکانی بواری ڕاگەیاند ، لەسەر بیبلیۆگرافیی رۆژنامە کوردستان بۆ ئامادەبووان دوا.
ناوبراو لەوپێوەندییەدا بە زمانی سادە بیبلیۆگرافیی سیاسیی رۆژنامەی کوردستان کە وەکوو نامیلکەیەک بۆ بەشێک لە ژمارەکانی ئەو رۆژنامەیە ئامادەکراوە، خستەبەرباس و لە سەر ناساندن و ناوەڕۆکی بیبلیۆگرافیی سیاسیی رۆژنامەی کوردستان کە ئەلبۆمێکە لە هەلومەرج و هەڵوێست و قوناخە سیاسییەکانی حیزب بۆ بەشداران شیکردەوە.
شیاوی باسە لە بەرەبەری ٧٠٠مین ژمارەی کوردستاندا دکتور ئاسۆ حەسەنزادە و مەنسوور مروەتی بە هەوڵی خۆیان نامیلکەیەکیان لە ژێرناوی بیبلیۆگرافیی سیاسیی رۆژنامەی کوردستان بۆ بەشێک لە ژمارەکانی ئەو رۆژنامەیە ئامادە کردوە، کە لەو سیمینارەدا کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
ئاسۆحەسەن زادە لە درێژەی باسەکەیدا لەسەر چۆنیەتی و شێوەی ئامادەکردنی ئەو نامیلکەیە چەند وتەیەکی باس کرد.
ناوبراو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیبلۆگرافیی رۆژنامەی کوردستان کە تازە دەرچووە، بە بابەتی بوون و شرۆڤەی گوتاری حیزب لە قوناخە جیاجیاکانی خەباتدا ناساند لەو بارەوە وتی: کە کۆمەڵێک هەڵویست حیزبی و رووداوی گرینگی مێژوویی لەو نامیلکەدا پۆلێنبەندی کراوە.
دواتر لە پانێلی سێیەمی ئەو سیمینارەدا، مەنسوور مروەتی یەکێک لە ئامادەکارانی نامیلکەی تایبەت بە رۆژنامەی کوردستان لە روانگەیەکیترەوە باسێکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ناوبراو باسەکەی تایبەت بوو بە وێژمانی سیاسی و گوتاری حیزبی دیموکرات بەتایبەتی لە سەروبەندی شۆرشی گەلانی ئێران و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران .
مەنسوور مروەتی لە درێژەی باسەکەیدا، بە سەرنجدان بە دەسپێکی شۆڕشی گەلان لە ئێران و کاریگەریی بەسەر فیکر و هەڵوێستی حیزب ، ئاماژەی دا بە وێکچوون و هاوشێوە بوونی سیاسەتەکانی حیزب لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ ئێستاکە کە بە پێی هەلومەرج گٶڕانی بەسەر هاتووە.
ناوبرا لە کۆتاییدا دەورو رۆڵی رادیۆ دەنگی کوردستانی لە سەر بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی رۆژنامەی کوردستان بەرزنرخاند.
دوای پانێلی سێیەمی سیمیناری تایبەت بە رۆژنامەگەری کوردی و رۆژنامەی کوردستان، کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک و بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە رۆژنامەنووسانی کورد دەستخۆشی لە ئامادەکارانی نامیلکەی بیبلۆگرافیی سیاسیی رۆژنامەی کوردستان کرد.