کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە بیرەوەری و پەیامی ژیانی نەمر فەتاح کاویان بەڕیوەچوو.
پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوەی٩٦ ی هەتاوی لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حدک ، لە رێورەسمێکدا یادی تێکۆشەری فازڵ و ماندوویینەناسی نێو ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
لەو رێورەسمەدا کە بەبەشداری بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەو ئەندامانی حیزب ودۆستان وناسراوانی هاوڕێ کۆچکردوو کاک فەتاح کاویان بەڕێوەچوو، ئاوڕێک لە ڕەهەندو لایەنە جۆراجۆرەکانی ئەو خەباتکارە شۆڕشگێرە درایەوە.
سەرەتا رێورەسمەکە بە بە کورتەیەک لە دەنگی گۆرانی کاک فەتاح کاویان دەستیپێکرد کە بیرەوەری هاوبەشی زۆڕێک لە هاوڕێیانی ئەو نەمرە بوو.
پاشان بە هەستان و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادن وناوی سەرجەم شەهیدان و تێکۆشەرانی رێگای ئازادی گەلەکەمان، پێشکەشکار، هاوڕێ عەلی بداغی کۆڕیادەکەی کردەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن هاورێ کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک، پێشکەش کرا.
لە پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب بە سەرنجدانێک بە تایبەتمەندییەکانی تێكۆشەر فەتاح کاویان و بە ئاماژەدان بە بەسەرهاتی ژیان و خەباتی ناوبراو, باس لە ئەرک وەئەستۆ گرتن و تێکۆشانی ئەو بەڕێزە کرا.
هاوڕێ کەماڵ کەریمی بە باس کردن لە چەند بیرەوەری لە ژیانی کاک فەتاح کاویان لە بواری زمانوانی و وەرگێران و بوارەکانی دیکە چەند خاڵی گرینگی لە ژیانی ئەدەبی و سیاسی ناوبراو خستەڕوو.
لەدرێژەی پەیامی دەفتەری سیاسی هاتبوو کە فەتاح کاویان چ وەکوو پێشمەرگەیەک لە شاخ کە یارو خەمخۆری هاوڕێیانی بوو چ ئەوکات کە بۆ ماوەیەک شارەداری شاری مەهاباد بوو، ئەوانەی کە ئەو سەردەمەیان لەبیرە شاهیدی دەدەن کە لەو بوارەشدا چەندە سەرکەوتووبووە.
کەماڵ کەریمی لە کۆتایی پەیامی دەفتەری سیاسیدا باسی لە تایبەتمەندیە مەزن و بێوێنەکانی بەڕێز کاویان کرد، کە بە هۆی مێهرەبانی ولێزانین و ڕەوشتبەرزییەوە، نەتەنیا خۆشەویستی سەرجەم دیموکراتەکان بوو، بەڵکوو لە لای زۆر کەس ولایەنی دیکەش جێگای رێزوحورمەت بوو.
لە بڕگەیەکی دیکەدا کورتە فیلمێک تایبەت بە ژیان و بەسەرهاتی کاک فەتاح کاویان کە بەرهەمی تلویزیۆنی کوردکاناڵ بوو پیشاندراو بۆ بەهۆی گشتاندنی یادی ئەو بەرێزە لە نێو ئامادەبوواندا.
دواتر مستەفا مەعرووفی مامۆستای زانکۆ وتارێکی لە سەر فەرهەنگی حەوتەوانە یەکێک لە بەرهەمە بەنرخەکانی کاک فەتاح کاویان پێشکەش کرد.
ناوبراو بە کورتی و بە وردی چەند تایبەتمەندی ئەو فەرهەنگە زانستییەی بۆ ئامادەبووان باس کرد کە لە نەوعی خۆیدا فەرهەنگێکی سێ زمانەو تایبەتە.
پاشان یاری دێرینی کاک فەتاح کاویان و تێکۆشەری لە مێژینەی دیموکرات مەلا رەسووڵ پێشنەماز چەند وتەو بیرەوەری لە هەفتاد سال پێکەوەبوونی لە گەل فەتاح کاویانی خستەبەرباس و، چەندین بیرەوەری لە قوناخە جیاجیاکانی ژیان وخەباتی خۆی و نەمر فەتاح کاویانی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
لە بڕگەیەکی دیکە لەو کۆڕیادەدا ، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک باسێکی لە ژێرناوی رەهەندی نووسین و وەڕگێڕانی فەتاح کاویان پێشکەش کرد.
کە بابەتێک بوو تایبەت بە لایەنی ئەدەبی و لێهاتوویی نەمر فەتاح کاویان لە بواری وێژەو ئەدەبیاتدا.
لە کۆتاییدا سەرگوڵ کاویان یادگارو کچی نەمر فەتاح کاویان چەند وتەیەکی لە لایەن خۆی و بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی کاویان پێشکەش بە مێوانان و بەشداربووانی ئەو کۆڕە کرد.
شایانی باسە هاوڕێ تێکۆشەرو دێموکراتی بەوەفا، کاک فەتاح کاویان دوای تەمەنێک پڕخزمەت و تێکۆشان لە ٢٩ی بەفرانباری ٩٥ی هەتاوی لە قەڵای دیموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد.